دیێگۆ سیمیۆنی بە چوار یاریزان ریال رادەگرێت

28-05-2016
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-

رووداو – هەولێر

ئەمشەو یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگەی سانسیرۆ لە میلان کۆدەکاتەوە و پاڵەوانی ئەم وەرزە دیاردەبێت.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەباشی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و ئەمجارە نایەوێت نازناوەکە لەدەستبدات و هەموو ئامادەکارییەکیشی بۆ یارییەکە تەواوکردووە و دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەکەش دەیەوێت ریال مەدرید رابگرێت و یەکەم نازناوی پاڵەوانیەتییەکە بۆ یانەکە بباتەوە، بۆ ئەمەش پلانێکی توکمەی داناوە و چوار یاریزانی بۆ ئەو ئامانجە ئامادەکردووە.



پلانەکەی سیمیۆنی.

1- راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی تایبەت پشت بە تواناکانی دیێگۆ گودینی بەرگریکەری یانەکە و خاوەنی تاکە گۆڵی یانەکە لە یاری کۆتایی ساڵی 2014 دەبەستێت، بەتایبەتیش لە تۆپی جێگیر و لێدانەکانی کوڕنەر.



پشبەستنی سیمیۆنی بەو یاریزانە لەکاتێکدایە کە زۆرینەی گۆڵەکانی بە لێدانی سەرە و نازناوی لالیگاشی لە ساڵی 2014 بۆ یانەکە بە لێدانێکی سەر بردەوە کاتێک گۆڵی یەکسانبوونی لە بارسێلۆنا تۆمارکرد.

2- بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکە پێشکەشی کردووە، یێگۆ سیمیۆنی لە گواستنەوەی تۆپ و خێرایدا پشتبەست تواناکانی ساول نیگوێز دەبەستێت، بەتایبەت دوای ئەو گۆڵە جوانەی لەم وەرزەدا لە یانەی بایرن میونشن تۆماریکرد.

سیمیۆنی ئەو یاریزانەی بۆ سوود وەرگرتن لە هێرشە پێچەوانەکان داناوە و دەیەوێت لە رێگەی ئەو یاریزانەوە مەترسی بۆ سەر گۆڵی ریال مەدرید دروستبکات.



نیگوێزی 21 ساڵ، 10 یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەکان ئەنجامداوە، سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵی دروستکردووە.

3- فێرناندۆ تۆرێسی هێرشبەری بەناوبانگی ئیسپانی بەر لە یارییەکە رایگەیاندووە، گرنگترین یاری لە ژیانی وەرزشییدا ئەنجامدەدات و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ دەیەوێت پشت بە ئەزموونی ئەو یاریزانە ببەستێت ببێتە هۆکارێک بۆ سوود وەرگرتن لەو بۆشایەی لە نێوان هێلی ناوەڕاست و بەرگری یانەی بەرامبەر دروستدەبێت و تۆپەکان بۆ هاوڕێکانی بگوازێتەوە.



تۆرێس لە یاری بەرامبەر بارسێلۆنا و بایرن میونشن ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بووە هۆکارێکی کاریگەر لە گەیاندنی یانەکەی بە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

32 ساڵە ئیسپانییەکە 17 یاریی لەم وەرزەی لالیگادا ئەنجامداوە و 11 گۆڵی تۆمارکردووە، چوار گۆڵی دروستکردووە و لە چامپیۆنزلیگیش 5 یاریی ئەنجامداوە گۆڵێکی تۆمارکردووە و گۆڵێکیشی دروستکردووە.

4- یەکێکی دیکە لە چەکەکانی دیێگۆ سیمیۆنی لەم یارییەدا ئانتوان گریزمانی هێرشبەری گەنج و ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیە و راهێنەرەکە دەیەوێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی و بردنەوەی نازناوەکە پشت بە خێرای و جۆڵە جوانەکانی ئەو یاریزانە ببەستێت کە توانایەکی زۆر لە لێدانی سەریشدا هەیە و باڵاشی 175 سانتیمەترە و لە وەرگرتنی تۆپی نزمیش یاریزانێکی تەواو لێهاتووە.



ئەستێرە فەرەنسییەکە بەشداری لە هەموو یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کردووە، 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 گۆڵی دروستکردووە و رۆڵێکی گەورەشی لە یارییە گرنگەکاندا هەبووە و لە هەردوو یاری بارسێلۆنا و بایرن میونشنیش سێ گۆڵی تۆمارکرد.

لە خولی لالیگای ئیسپانیاش گریزمان بەشداری 36 یاری کردووە و 22 گۆڵی تۆمارکرد، لە جامی شای ئیسپانیاش لە دوو یاریدا سێ گۆڵی تۆمارکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە