چەند پەیامێکی بەپەلە لە چاڤی هێرناندێزەوە

28-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا باس لە دۆخی تیپەکەی دەکات و دەڵێت "بەپەرۆشییەکی زۆرەوە کاردەکەین بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکانی وەرزی داهاتوو."
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئێمە باشین، دەمانەوێت پلەی دووەم ببەینەوە، پێویستە ئەو پلەیە بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی بگەینە جامی سوپەری ئیسپانیا، ڤالێنسیا لەژێر سەرپەرشتی باراخا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و رکابەرێکی باشە، باراخا کارێکی نایابی کردووە و یارییەکی زەحمەت دەبێت."
 
راهێنەری یانەی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێت "هۆکارەکانی دۆڕانمان لەم وەرزە شیدەکەینەوە، من زۆر بەپەرۆشم و بە گەشبینییەوە کاردەکەین بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکانی وەرزی داهاتوو."
 
چاڤی لەبارەی داهاتووی یانەکەوە قسەدەکات و دەڵێت "هەموومان لەبەردەم ئاڵنگاریداین، لەگەڵ دیکۆ و سەرۆک رێککەوتووین و چاوەڕێی گەڕانەوەی یاسای 1 بە 1 دەکەین و وەرزەکە بەردەوامە."
 
لەبارەی داهاتووی ڤیتۆر رۆکی پرسیار لە چاڤی کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "دەمانەوێت رێککەوتن بکەین بۆ ئەوەی باشترین بۆ هەموو یاریزانەکان لەگەڵ دیکۆ و سەرۆک بدۆزینەوە، هێشتا هیچ بڕیارێکمان نەداوە، رۆکی پێویستی بە خولەکی زیاترە بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەوێت، متمانەم پێی هەیە و دەتوانێت ماوەیەکی درێژ لە بارسێلۆنا یاری بکات."
 
چاڤی زیاتر گوتی "لە کۆتایی وەررزدا بڕیاری لەبارەی هەموو کەسێکەوە دەدەین، ئاسان نییە لە بەرازیلەوە بێیتە ئێرە و بە ئاسانی بڕیاری لەبارەوە بدەیت، ئەو پێویستی بە کاتی زیاترە و لە کۆتایی وەرزدا بڕیار دەدەین."
 
پرسیاری داهاتووی سێرخی رۆبێرتۆ لە چاڤی کرا، ئەو بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەمەوێت گرێبەستەکە نوێبکاتەوە و ئەوەش بەندە بە بڕیاری ئەوەوە، ئەو هەڵوێستی من دەزانێت، هاوکاریی زۆری کردووین و هیوادارم گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە."
 
ئەو پرسیارانەی بۆ فرۆشتن نین؟ پرسیارێکی دیکە بۆ لە چاڤی کرا، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "قسەمان لەوبارەیەوە نەکردووە، پێویستە بارودۆخی خۆمان لە رووی ئابووری و یاسای یاریی خاوێنەوە بزانین، هیوادارام یاسای 1 بە 1 بگەڕێتەوە، بەڵام سەرەتا پێویستە وەرزەکە کۆتاییبێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە گۆڕانکاری لە ستافی راهێنەراندا دەکرێت، چاڤی گوتی "بیرکردنەوە و هیچ شتێکم بەرامبەر تیمەکەم نەگۆڕاوە و ئەگەر شتێک گۆڕدرا ئاشکرا دەکرێت."
 
چاڤی هێرناندێز، ستایشی ئاستی تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا دەکات، دوای ئەوەی تیپەکە گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و دەڵێت "تیپی خانمان باشترین تیپی جیهانە لەسەر ئاستی خانمان، شانازییان پێوەدەکەین، هیوادارم یاری کۆتایی ببەنەوە."
 
رۆژی دووشەممە لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ڤالێنسیا دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە