ئەمڕۆ دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێت

28-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگی خانمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، دوو یانەی فەرەنسی رکابەری یەکدی دەکەن بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخەکەدا لەسەر ئاستی خانمان، هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و لیۆن رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دەیانەوێت بگەنە یاریی کۆتایی خولەکە، یارییەکە کاژێر 17:00 لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی لیۆن لە یاریی چووندا سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دواکەوت، بەڵام گەڕایەوە و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، جگە لە دۆڕان لە یارییەکەدا، یانەکە بەهەر ئەنجامێکی دیکە دەتوانێت بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
لیۆن بەبردنەوەی هەشت نازناو خاوەنی زۆرترین نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە لەسەر ئاستی خانمان، یانەکە لە وەرزی 2021-2022 دوایینجاربوو نازناوەکەی بردەوە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی نۆیەم نزیکببێتەوە.
 
تیپی خانمانی پاریس سانجێرمان هاوشێوەی تیپی پیاوەکانیان هیچ نازناوێکیان لەسەر ئاستی خانمان نییە و چاویان لە بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.
 
شەوی شەممە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دوای بردنەوەی لە چێڵسی ئینگلیزی گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر ئاستی خانمان، چاوەڕێی براوەی ئەم یارییە دەکات بۆ ئەوەی رۆژی 25ـی5 لە یاریگەی سان مامێس لە بیلباو رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە