ڤیدیۆ؛ بێنفیکا خۆی نزیککردەوە لە لیشبۆنەی پێشەنگی خولی پۆرتوگال

28-04-2024
ئیحسان تاهیر
بێنفیکا 3-1سپۆرتینگ براگا
بێنفیکا 3-1سپۆرتینگ براگا
نیشانەکردن بێنفیکا خولی نایابی پۆرتوگال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بێنفیکا جیاوازی نێوان خۆی و سپۆرتینگ لیشبۆنەی پێشەنگی خولی نایابی پۆرتوگالی بۆ تەنیا چوار خاڵ کەمکردەوە، دوای ئەوەی لەسەر یاریگەی خۆیدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سپۆرتینگ براگای بردەوە، لەو یارییەدا کە لە قۆناخی سی و یەکی خولی نایابی پۆرتوگال بەڕێوەچوو.
 
بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، سپۆرتینگ براگا لە خولەکی بیست و هەشتدا بە گۆڵێکی ریکاردۆ هۆرتا پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بێنفیکا تاوەکو خولەکی حەفتا و یەک چاوەڕێی کرد، کاتێک بە گۆڵێکی مارکۆس لیۆناردۆ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی هەشتا و پێنجی یارییەکەدا دەیڤد نیرێس گۆڵی دووەمی بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆمارکرد، دوای ئەوەی پاسێکی جوانی لە ئانخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینییەوە پێگەیشت. 
 
ژمارەی یاریزانانی سپۆرتینگ براگا لە خولەکی هەشتا و نۆدا بۆ 10 یاریزان کەمیکرد، چونکە ڤیکتۆر گۆمێز کارتی سووری وەرگرت بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچی بەرامبەر ئانخێل دی ماریا.
 
بێنفیکا بەباشترین شێوە سوودی لەو کارتە سوورە وەرگرت و مارکۆس لیۆناردۆ لە خولەکی پێنجەمی زیادکراودا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە.
 
بێنفیکا بە کۆکردنەوەی حەفتا و شەش خاڵ لە سی و یەک یارییدا لە پلەی دووەمی ریزبەندیدا مایەوە و چوار خاڵ لەدوای سپۆرتینگی لیشبۆنەی پێشەنگەوەیە، کە ئەمڕۆ  یارییەکی زەحمەت بەرامبەر پۆرتۆ ئەنجام دەدات.
 
سپۆرتینگ براگا بە شەست و دوو خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە، کە ژمارەی خاڵەکانی یەکسانە بە خاڵەکانی پۆرتۆی خاوەنی پلەی سێیەم، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لە دواوەیە، هەروەها ئەمەی دووەمیان یارییەکی کەمترە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە