سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی ئەوەی ئامەد سپۆر بووە پاڵەوانی یانە پلەدووەکانی تورکیا و گەیشتە خولی پلەیەک، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پیرۆزبایی لەو یانەیە کرد.
لە هەژماری فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو نووسیویەتی: "لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە ئامەدسپۆر دەکەم بە بۆنەی ئەوە لە خولی پلە دوو بووە پاڵەوان و بۆ خولی پلەیەک سەرکەوت".
ئیمامئۆغڵو کاژێر 8:38ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ئەو ئێکسەی بڵاوکردەوە. پیرۆزباییەکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم پیرۆزباییەی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە لەکاتێکدایە، بەشێک لە بەرپرسانی نەتەوەپەرست بە ئاشکرا دژایەتیی ئامەدسپۆر دەکەن. بەتایبەتیش بەهۆی ناوەکەیەوە، زۆر جار لێدوانی تووند لە دژی ئەو یانەیە دەدەن.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 7ی ئاداری 2023، دوای ئەوەی لە بورسە هێرشکرایە سەر یاریزانانی ئامەدسپۆر، بە ئاشکرا پشتگیریی لە هێرشکارەکان کرد.
هەروەها لەبارەی ئامەدسپۆر گوتی: "لای ئێمە شوێنێک بە ناوی ئامەد نییە. ناشتواندرێت باس لە یانەیەک بەناوی ئامەدسپۆر بکرێت".
هەروەها ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتێکە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کۆچبەران دامەزراوە، بە ئاشکرا دژایەتیی ئامەدسپۆر دەکات.
یەکێک لە بەڵێنەکانی ئومیت ئۆزداغ ئەوەیە، ئەگەر دەسەڵات وەربگرێت راستەوخۆ کۆچبەر و پەنابەران دەردەکات.
ئایاری 2023 ئومیت ئۆزداغ لە گوتارێکیدا بەڵێنی بە خەڵک دا کە ئەگەر بچێتە دەسەڵات، یانەیەک بە ناوی ئامەدسپۆر لە خولەکانی تۆپی پێی تورکیا شوێنی نابێتەوە. ئۆزداغ هەروەها باسی لەوە کرد کە دیاربەکر سپۆریان قبووڵەبەڵام ئامەدسپۆر قبووڵناکەن.
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە ئامەدسپۆر بووە پاڵەوانی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی پلە یەک، بەشێکی زۆر لە هاندەرانی ئەو یانەیە بە توانج، وێنە و ڤیدیۆی ئومیت ئۆزداغیان بڵاوکردەوە.
لە هەفتەی 34ی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 1-0 لە یانەی سۆماسپۆری خانەخوێی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە.
ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد دەکات، لە هەفتەی پێش کۆتایی خولەکەدا پاڵەوان بوونی خۆی یەکلایی کردەوە.
یاریی نێوان ئامەدسپۆر و سۆماسپۆر دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 28-4-2024 لە پارێزگای مانیسا بەڕێوەچوو. هەرچەندە لە گێمی یەکەمدا یاریزانانی هەردوولا چەند جارێک لە گۆڵ نزیکبوونەوە، بەڵام ئەو گێمە بێ گۆڵ کۆتایی هات.