ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بووە پاڵەوان

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، نازناوی خولی پلە دووی تورکیای بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا.
 
لە گەڕی پێشکۆتایی خولی پلە دووی تورکیادا، یانەی ئامەدسپۆر لە کۆمەڵەی سوور بووە میوانی یانەی سۆماسپۆر و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێبردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، یاریزانانی ئامەدسپۆر هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام گۆڵ نەکرا و ئەو نیوەیە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، ئامەدسپۆر هێرشەرەکانی بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە دەستپێکرد، لە خولەکی 49 ئۆکتای ئایدن، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی بۆ یانەی ئامەدسپۆر تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
دوای ئەوە لە خولەکی 67 عەبدولقەدیر ئوکسۆز لە یانەی سۆماسپۆر بەهۆی تووند یارییکردنەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
لە خولەکی 85 یەگیت ئوتکو یاریزانی سۆماسپۆر کارتی سووری وەرگرت و یانەکە بە 9 یاریزانەوە یارییەکەی تەواوکرد.
 
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا.


 
بەبردنەوەی ئەم یارییە یانەکەی باکووری کوردستان راستەوخۆ سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی تورکیا مسۆگەرکرد.
 
ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولەکەدا 35 یاریی ئەنجامداوە، 24 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 8 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا 3 یاریی دۆڕاندووە.

 
ئامەد لە خولەکەدا بووە خاوەنی 80 خاڵ و لە دوایین گەڕی رکابەرییەکەدا رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر مەنەمەن بەلەدیەسپۆر یاریی دەکات و چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەر لە یاریگەی ئامەدسپۆر ئاهەنگ بۆ بردنەوەی خولەکە بگێڕن.