دوو هەواڵی خۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەسەر هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی بەردەوامە، لەلایەک کار بۆ گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکات و لەلایەکیش دەیەوێت گرێبەستی عوسمان دێمبێلی نوێبکاتەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، بێنی زاهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بە ماتیۆس ئالیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنای راگەیاندووە، بایرن میونشن دەرگای رۆیشتنی لیڤای بەکراوەیی هێشتووەتەوە و یاریزانەکەش دەیەوێت لەژێر سەرپەرشتی چاڤی و بۆ بارسێلۆنا یاریی بکات.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە نزیکەکانی لیڤاندۆڤسکی نایانەوێت بابەتەکە وەک درامای لێبێت، بەڵکو دەیانەوێت لە ماوەی 15 رۆژدا هەموو شتێک یەکلابکرێتەوە.
 
سپۆرت ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لەم رۆژانەدا بارسێلۆنا دەستەوارەی خۆی پێشکێشی یانەی بایرن میونشن دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی TZـی ئەڵمانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مووچەی ئێستای لیڤاندۆڤسکی 24 ملیۆن یۆرۆیە و بێنی زاهاڤی داوای لە بایرن کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە 6 ملیۆن یۆرۆی بۆ زیادبکەن.
 
ئەوەی تایبەتە بە نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلی، کارگێڕیی بارسێلۆنا رۆژ لە دوای رۆژ گەشبینتر دەبێت، بۆ مانەوەی ئەو یاریزانە لە یانەکەدا.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، لەبارەی داهاتووی دێمبێلییەوە دەڵێت " عوسمان دێمبێلی بە مانەوە لە بارسێلۆنا پارەیەکی زۆری لەدەستدەچێت، چونکە دەستەوارەی گەورەتری پێشکێشکردووە.
 
فابریزیۆ زیاتر دەڵێت " هەرچەند یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام دڵخۆشە بە یارییکردن لەژێر سەرپەرشتی چاڤی، بارسێلۆناش دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام پێویستە دەستەوارەیەکی گونجاوی لە رووی داراییەوە پێشکێشبکات."