پاریس ناهێڵێت کەس ئیکاردی راو بکات

28-04-2020
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

رووداو-هەولێر

 لیمیرۆ بینیۆ راوێژکاری یاسایی ماورۆ ئیکاری ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان تەئکید دەکاتەوە، کە ئیکاردی دەیەوێت لە یانە فەرەنسییەکە بمێنێتەوە، کە وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن لە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵییەوە، پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد.

تۆڕی هەواڵیی فوتبۆڵ ئیتاڵیا لێدوانی راوێژکارەکەی ئیکاردی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵیت: "پێموایە پاریس سانجێرمان حەز دەکات ئیکاردی لە یانەکە بمێنێتەوە، بە هەمانشێوە یاریزانەکەش حەز بە مانەوە دەکات، دوای ئەوەی ئەم وەرزە ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانە پاریسییەکە پێشکەش کرد".

هەروەها لیمیرۆ لە درێژەی قسەکانی بۆ فوتبۆڵ ئیتاڵیا دەشڵێت: "لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانە پاریس سانجێرمان دەیەوێت، هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە بپارێزیت و لەدەستی نەدات، دوای ئەوەی ئیکاردی متمانەی بەرپرسان و هاوڕێ یاریزانەکانی لە پاریس سانجێرمان بەدەست هێنا".

سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیکردنی ئیکاردی بە یانەی ناپۆلییەوە راوێژکارە یاساییەکەی ئیکاردی گوتی: "وەرزی رابردوو ناپۆلی شوێنێکی گونجاو بوو بۆ ئیکاردی، بەڵام کاتەکەی گونجاو نەبوو، چونکە ئیکاردی نەیدەویست خیانەت لە هاندەرانی ئینتەرمیلان بکات، سەرەڕای ئەوەی دیلاورێنتسی سەرۆکی ناپۆلی هەوڵی زۆریدا، بۆ ئەوەی ماورۆ ئیکاردی بۆ ریزەکانی ناپۆلی بگوازێتەوە".

لیمیرۆ بەوە کۆتایی بە قسەکانی هێنا کاتێک گوتی: "ئەگەر بێت و  ئیکاردی بڕیاریدا پاریس جێبهێڵیت، ئەوە ئەوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ واندا نارای هاوژینی و بەرپرسانی ئینتەرمیلان بڕیارێکی گونجاو لەمەڕ چارەنووسی هێرشبەرەکە ئەرجەنتینییەکە دەدەن".

وەرزی رابردوو ماورۆ ئیکاردی بەشێوەی خواستن و بۆ ماوەی یەک وەرز لە یانەی ئینتەرمیلانەوە، پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد، لەگەڵ بژاردەی کڕینی بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە