رووداو دیجیتاڵ
کوردی زۆر لە سوێد دەژین و زۆریش سەرکەوتوون، هەریەکەیان لە بوارێکدا؛ بۆ نموونە نەبەز قوربان، کە بە منداڵی چووەتە ئەو وڵاتە، بووەتە راهێنەرێکی وەرزشیی بەنێوبانگ.
لە دڵی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، لەنێو سەدان راهێنەری وەرزشیدا ناوێک دەدرەوشێتەوە کە متمانەی وەرزشوانانی سوێد و ئەورووپاشی بەدەستهێناوە و توانیویەتی بە لێهاتوویی و دڵسۆزیی خۆی نێوبانگێکی تایبەت بۆ خۆی پەیدا بکات. ئەو کەسە نەبەزە، کۆچبەرێکی کوردە کە لە کووچەکانی خانەقینەوە بەرەو خەونەکانی هەنگاوی ناوە و ئێستا لە سوێد وەکو راهێنەرێکی سەرکەوتوو دەناسرێت، لە هەڵبژاردەی سوێد و یانە بەنێوبانگەکانی ئەورووپا کاری کردووە.
نەبەز قوربان، راهێنەر دەڵێت، "کاتێک تەمەنم هەشت ساڵ بوو لە شەڕ هەڵاتین و هاتینە سوێد، وەکو هەر منداڵێک بە خێرا هاتمە نێو قوتابخانە و وانەی وەرزش زۆر بوو لێرە، هەر خێرا بە جیهانی وەرزش بەسترامەوە. یەکەم جار وەرزشی هۆکی و سەربەفر و یاریی باندیم دەکرد لە دوای دەوامیش یاریی تێنسی سەرمێزم دەکرد. لە وڵاتی سوێد وەرزش زۆر گرنگیی پێ دەدرێت و بە شێوەیەک هەموو کەسێک هەلی ئەوەی هەیە بەشداریی وەرزش بکات، دواتر تۆپی پێ زیاتر سەرنجی راکێشام و خۆم تێدا دۆزییەوە، پاش چەند ساڵێک بە شێوەیەکی فەرمی هاتمە نێو دنیای وەرزش بەتایبەتی یاریی گۆڕەپان و مەیدان."
نەبەز لە ساڵی 1972 لە ناو شاری خانەقین لەدایکبووە، بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانی سیاسیی بنەماڵەکەیەوە نەیتوانی خەونەکانی لە کوردستان بەدی بێنێت، بۆیە لە ساڵی 1981 رووی کردە ئەورووپا و لە سوێد نیشتەجێ بوو، لە سوێد نەبەز دەرفەتێکی نوێی بۆ خۆی دۆزییەوە، سەرەتا بەشداریی لە خولەکانی راهێنەرایەتیدا کرد و دواتر وەکو راهێنەری جەستەیی لە یانە وەرزشییەکان دەستی بە کار کرد.
نەبەز باسی لەوە کرد، "لە تەمەنی 15 ساڵییەوە لە کێبڕکێکانی ئاستی سوێد یاریم کردووە و مەدالیای زێڕم لە یاریی یەک پاس بەدەستهێناوە لەگەڵ چەندین مەدالیای دیکە. یاریی وەکو راکردنی سەد مەتر و رم و هەڵدانی ئاسن، لەو کاتەدا بڕیارم دا رۆژێک لە رۆژان ببمە پاڵەوانی ئۆڵۆمپی، ئەوەش بووە خەونێکی گەورە بۆ من، دواتر لە هەڵبژاردنەکانی تازە پێگەیشتووانی لاوان و گەورانی گۆڕەپان و مەیدان وەرگیرام ، گۆڕەپان و مەیدان وەرزشێکی قورسە لە وڵاتی سوێد."
لە ماوەیەکی کەمدا نەبەز توانی خۆی بسەلمێنێت و بە شێوازە نوێیەکانی راهێنان و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وەرزشوانانی سوێد و ئەورووپا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت. نەبەز هەمیشە هەوڵیداوە باشترین شت پێشکێش بە یاریزانان بکات، وەکو خۆی دەڵێت، "راهێنان تەنیا مەشقکردن نییە، بەڵکو دروستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز و متمانە بەخۆبوونە."
لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا، ئەو راهێنەرە بەنێوبانگە کوردە لە سوێد گوتی، "لە ماوەی 8 ساڵدا راهێنەری تایبەتی یاریزانانی هەڵبژاردەی ژێر بیست و یەک ساڵی بوومە. راهێنانی تایبەتم بە زۆربەی یاریزانان کردووە، لە ساڵی 2015 جامی ئەورووپییان بردەوە ئەمەش هەمووی چاکەی من نەبووە بەڵکو یاریزانان و راهێنەرەکەیان زیرەک بوونە، بەڵام دەبیستم کە من کارێکی باشم لەگەڵیان کردووە، لە ساڵی 2009 گەڕامەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی وەرزشی، یەکەم جار چوومە شەقڵاوە بۆ پڕۆژەیەکی وەرزشی، دواتر بۆ هەولێر بۆ کۆنفرانسەکە گەڕامەوە، بەچاوی خۆم بینیم وەرزش لە کوردستان چۆنە. هەستم کرد تۆزێک لە پاشین بەڵام چالاکیش زۆر بوو. هەردەم خەونم ئەوە بووە شتێک بکەم بۆ وڵاتی خۆم، خەڵکێکی زۆر باش و زیرەکم بینی حەزیان دەکرد بخوێنن لە بواری وەرزش پێش بکەون بەڵام چیمان پێ دەکرێت ئەوە پرسیارەکەیە."
نەبەز ئێستا خاوەن ئەکادیمیایەکی وەرزشییە لە ستۆکهۆڵم و هەوڵدەدات نەوەی نوێی وەرزشوانان پێ بگەیێنێت. ئەو هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەرزش تەنیا بۆ بەدەستهێنانی مەدالیا نییە، بەڵکو بۆ ژیانێکی تەندروست و بەختەوەرە.
نەبەز قوربان ئاماژەی بەوە کرد، "لێرە لەگەڵ هەڵبژاردەی سوێد چەندین جار بانگکراون بۆئەوەی راهێنانیان پێبکەم. لەگەڵ هەموو یاریزانە گەورەکانی هەڵبژاردە کارم کردووە یەک لەوانەش زڵاتان، کە گەورەترینی سوێدە و یەکێکە لە گەورەکانی جیهان کێ هەیە نەیەوێت راهێنان بە زڵاتان بکات. زڵاتان یاریزانێکی نایاب بوو، کوڕێکی زۆر باشە، زۆر لە یانەی مەدرید نزیکم هەردەم سەردانیان دەکەم ئەلڤارۆ زۆر هاوڕێمە لە لیڤەرپوول و وێستهامیش یاریی کردووە، بەڵام ئێستا هەر بۆ یانەی مەدرید کات دەکات، بەنیاز بووین بەیەکەوە ئەم پڕۆژەیە لە شاری مەدرید دابمەزرێنین، بەڵام پەتای کۆرۆنا ئیشەکەمانی راگرت بۆیە لێرە پڕۆژەکەم دامەزراند."
نەبەز نموونەی ئەو کەسانەیە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان دەتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن ئەو بە لێهاتوویی و دڵسۆزیی خۆی توانیویەتی ناوی خۆی لە بواری وەرزشدا لە سوێد و ئەورووپا تۆمار بکات و ببێتە جێگەی شانازی بۆ کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ