ڤیدیۆ؛ کوردێک دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا

28-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کاوە حسۆ
کاوە حسۆ
نیشانەکردن کاوە حسۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاوە حسۆ، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی رۆژئاڤای کوردستان و پێشووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی هۆڵەندا.
 
کاوە حسۆ، لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بۆ ماوەی ساڵێک گرێبەستم لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا واژۆکردووە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پێگەیاندنی گۆڵپارێزانی تازەپێگەیشتوو بکەم بۆ داهاتووی تۆپی پێی وڵاتەکە."
 
ئەو گۆڵپارێزە کوردە زیاتر گوتی "ژمارەی ئەو گۆڵپارێزانەی مەشقیان پێدەدەمەوە 6 کەسە، بەڵام دەبێت ژمارەکە کەمتر بکەینەوە، بۆ ئەوەی کارەکانمان باشتر بکەین و هەنگاوی زیاتر بچینە پێشەوە."
 
کاوە لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت "زۆر دڵخۆشم وەکو کوردێک گەیشتوومەتە ئەم ئاستە، کە پێشتر هیچ کەسێک لەسەر ئاستی ناوچەکە نەیتووانیووە وەکو راهێنەری هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەکو هۆڵەندا کاربکات و من دەبمە یەکەم کەس ئەو کارە ئەنجامبدەم."

 
حسۆ قسەی زیاتری بۆ رووداو کردووە و دەڵێت " ڤاندێر سار، گۆڵپارێزی پێشووی هۆڵەندا، سەرپەرشتی پێگەیاندنی گۆڵپارێزەکان دەکات و لە نزیکەوە ئاگاداری شێوازی مەشقدانەوەکەی ئێمەیە بە گۆڵپارێزەکان و چەند رۆژێک لەمەوبەریش لە نزیکەوە ئامادەی مەشق و راهێنانەکانی تایبەت بە گۆڵپارێزە تازەپێگەیشتووەکان بوو."



کاوە حسۆ ناوێکی دیاری تۆپی پێیە لەسەر ئاستی سووریا، کوردستان و عێراق، پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی سووریا، یانەی جەیشی سووری، یانەی زاخۆ، لە خولی عێراق و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەسەر ئاستی خولی کوردستان کردووە.
 
لە هۆڵەندا گۆڵپارێزە کوردەکەی خەڵکی عامودای رۆژئاڤای کوردستان، یاریی بۆ یانەی ڤیتێس دێلێفت کردووە، ئێستاش وەکو راهێنەر کاردەکات.

 
کاوە لە رێگەی رووداوەوە ئەوەشی ئاشکراکرد، کە جگە لە هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی هۆڵەند، وەکو راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی ئادۆدێنهاگی هۆڵەندیش کاردەکات، کە یەکێکە لە یانە بەنێوبانگەکانی ئەو وڵاتە و پێشتر لە خولی هۆڵەندا یاریی دەکرد، ئێستاش لە خولی پلە یەکی هۆڵەندا لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە