ڤیدیۆ؛ کاروانی گارسیا کۆتاییهات و مێدڤێدێڤ زیاتر لە نازناوەکە نزیکبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی، لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە، قۆناخێکی دیکەی رکابەرییەکانی تێنسی مەیامیی بڕی و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
سێیەمی ریزبەندی جیهان، ئەمجارە رووبەڕووی نیکۆلاس جاریی چیلی بووەوە، لەسەرەتای رکابەرییەکەدا دانیێل بە شەش دوو و بە ئاسانی پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەمی یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە بینی، تێنسزانەکەی چیلی هەوڵی زۆریدا یارییەکە بگەڕێنێتەوە و مێدڤێدێڤی زۆر ماندوو کرد.
 
دوای رکابەرییەکی درێژ دانیێل مێدڤێدێڤ کۆمەڵەی دووەمی بە تای برێک، حەوت شەش بردەوە و بە کاژێرێک و 48 خولەک خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
یاریی داهاتووی پاڵەوانی ساڵی رابردووی مەیامی بەرامبەر یانیک سینێری ئیتاڵی دەبێت.
 
یانیک سینێری ئیتاڵی درێژەی دایە سەرکەوتنەکانی و ئەمجارە کۆتایی بە سوپرایزەکانی تۆماس ماچاکی چیکی هێنا.
 
کۆمەڵەی یەکەمی یاریی نێوان هەردوو تێنسزان ئاستێکی مامناوەندی بەخۆیەوە بینی، سەرەتای سینێر بە شەش چوار پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئاستی تێنسزانە چیکییەکە بەتەواوی دابەزی و نەیتوانی درێژە بەو سوپرایزانەی بدات کە بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە کردبووی و کۆمەڵەی دووەمی بە شەش دوو دۆڕاند و ماڵئاوایی کرد.
 
کاروانی کارۆلین گارسیای فەرەنسی لە رکابەرییەکانی تێنسی مەیامیدا کۆتاییهات، دوای ئەوەی بەرامبەر دانیێل کۆلینزی ئەمریکی دۆڕا.
 
گارسیا، یاریی رابردووی لە کوکۆ گاوفی ئەمریکی بردبووەوە و ئەمجارەش رکابەرەکەی هەر ئەمریکی، بەڵام نەیتوانی درێژە بەبردنەوەکانی بدات و دۆڕا.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا، کۆلینز بە شەش سێ پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەم، تێنسزانە فەرەنسییەکە گۆڕانکارییەکی وای لە یارییەکەدا نەکرد، ئەو کۆمەڵەیەش بە شەش دوو لە بەرژەوەندیی کۆلینز کۆتاییهات.
 
تێنسزانە ئەمریکییەکە بە کاژێریک و 20 خولەک گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕ رکابەریدا، ئیکاترینا ئەلیکساندرۆڤای رووسی دواکەوتنی بۆ بردنەوە گۆڕی و شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتوودا کردەوە.
 
ئەلیکساندرۆڤا لەم قۆناخەدا بەرامبەر جێسیکا پیگولای ئەمریکی یارییکرد، سەرەتا خانمە ئەمریکییەکە بە شەش سێ پێشکەوت.
 
دوای ئەوە ئیکاترینا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و وەڵامێکی خێرای رکابەرەکە ئەمریکییەکەی دایەوە و شەش چوار ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکەرەوەدا ئەلیکساندرۆڤا بە هەمان ئەنجامی کۆمەڵەی دووەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
لە قۆناخی پێشکۆتاییدا ئیکاترینا ئەلیکساندرۆڤا و دانیێل کۆلینزی ئەمریکی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.