بارسێلۆنا دەیەوێت چاڤی بمێنێتەوە

28-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا، دەیەوێت چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەی لەسەر کارەکەی بەردەوامبێت، سەرەڕای ئەوەی راهێنەرەکە بڕیارییداوە لە کۆتایی وەرزدا پۆستەکەی بەجێبهێڵێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن" کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا پێیوایە، بۆ ئەوەی چاڤی رازیبکەن لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، پێویستە نازناوی لالیگا یان چامپیۆنزلیگ ببەنەوە، یانیش بەلای کەمەوە بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ ئەوەی بتوانن متمانە بە راهێنەرەکە بکەن لەسەر کارەکەی بەردەوامبێت."
 
فێرناندۆ پۆڵۆ، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە و چاڤی هێرناندێز، پێیانوایە هەلی ئەوەیان هەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی لالیگا بکەن."
 
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەگەری مانەوەی چاڤی لەگەڵ یانەکە گوتبووی "دەمەوێت چاڤی بمێنێتەوە، بەکردەیی گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین و سوورم لەسەر ئەوە، لەگەڵ چاڤی هەموو پابەندییەکمان پێشاندەدەین و دوای کۆتایی وەرز قسەدەکەینەوە، پێموایە هەندێکجار دەکرێت بڕیارەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت."
 
بارسێلۆنا لەکاتێکدا دەیەوێت چاڤی وەکو راهێنەری یانەکە بمێنێتەوە، پێشتر رایگەیاندبووە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا واز لە کارەکەی دەهێنێت.
 
چاڤی لەبارەی ئەگەری مانەوەی لەگەڵ یانەکە بە رۆژنامەڤانانی گوتووە "رۆژانە لەگەڵ دیکۆ قسەدەکەین و بەرژەوەندییەکانی یانەکە لە پێش هەموو شتێکەوەن."
 
لەو کاتەوەی چاڤی بڕیارییداوە لە کۆتایی وەرزەدا لە یانەی بارسێلۆنا بڕوات، 10 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
بارسێلۆنا لە رکابەرییەکانی لالیگادا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و 8 خاڵ لە ریال مەدریدەوە دوورە، لە چامپیۆنزلیگدا گەیشتووەتە قۆناخی هەشت و بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە