مانچێستەر یونایتد گرنگی بە یاریزانێکی ریال مەدرید دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی گرنگی بەتواناکانی یاریزانێکی یانەی ریال مەدرید دەدات و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی دهاتوودا، کار بۆ گواستنەوەی بکات.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، یانەی مانچێستەر یونایتد چاوی لە تواناکانی خوسێلۆ، هێرشبەری ئیسپانی و یانەی ریال مەدریدە، بۆ ئەوەی بیباتە ریزەکانی و هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتربکات.
 
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، یانەی مانچێستەر یونایتد نوێنەرەکانی خۆی ناردووەتە مەدرید، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخ و ئاستی ئەو یاریزانە بکەن.
 
خوسێلۆ تەمەنی 34 ساڵە، خۆی یاریزانی یانەی ئیسپانیۆلە، بەڵام بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی ریال مەدرید یاریی دەکات و یانەی شاهانە دەتوانێت دوای کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەی ئەو یاریزانە بکڕێتەوە، بەڵام هێشتا داهاتووی لەگەڵ یانەکە روون نییە.
 
پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی ستایشی تواناکانی ئەو یاریزانەی کردووە و رایگەیاندبوو، دڵخۆشە بەوەی یاریی بۆ تیپەکەی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانەکە زۆر بەشێوەی سەرەکی دەرناکەوێت.
 
هێرشبەرە ئیسپانییەکە لەم وەرزەدا 38 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، 13 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 گۆڵیشی دروستکردووە.
 
مانچێستەر یونایتد لەکاتێکدا داوای ئەو یاریزانە دەکات، یانە ئینگلیزییەکە لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکان، وادەی خواستنەکەی خوسێلۆ لە ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا تەنیا 5 ملیۆن یۆرۆیە.