جارێکی دیکە تۆنالی بەتاوانی گرەوکردن تۆمەتباردەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ساندرۆ تۆنالی، ناوەڕاستکاری یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی، جارێکی دیکە بەتاوانی گرەوکردن لەسەر یارییەکان تۆمەتباردەکرێت، لە کاتێکدا کە ساڵی رابردوو بەهۆی هەمان تاوانەوە لە یاریکردن سڕکرا و هێشتا نەگەڕاوەتەوە یاریگەکان. 
 
تۆنالی کە ساڵی رابردوو لە یانەی ئەیسی میلانەوە پەیوەندی بە نیوکاسڵەوە کرد، بۆ ماوەی 10 مانگ لە یاریکردن سڕکرا، دوای ئەوەی ئاشکراکرا کە لەو کاتەی لە ئیتاڵیا بووە گرەوی لەسەر یارییەکان کردووە و یاساکانی شکاندووە. لە کاتێکدا کە سزاکەی هێشتا کۆتایی نەهاتووە، یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا یاریزانەکەی نیوکاسڵ تۆمەتباردەکات بەوەی 50 جار یاساکانی گرەوکردنی شکاندووە. 
 
یەکێتییەکە راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "ساندرۆ تۆنالی یاساکانی گرەوکردنی شکاندووە. گوایە یاریزانەکە 50 جار بەندی E8ـی لە یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا شکاندووە بەوەی گرەوی لەسەر یارییەکان کردووە لە ماوەی نێوان 12ـی ئابی 2023 بۆ 12ـی تشرینی یەکەمی 2023. تۆنالی تاوەکو رۆژی 5ـی ئایاری لەبەردەستە تاوەکو وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە."
 
بەندی E8 لە یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەڵێت "یاریزانان نابێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ گرەو لەسەر یارییەکان یان هەر لایەنێکی دیکەی پەیوەست بە یارییەکانەوە بکەن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە یانەی نیوکاسڵ بە دەست قەیرانی پێکانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت و چاوەڕێی گەڕانەوەی تۆنالین کە سزاکەی لە رۆژی 27ـی ئاب کۆتایی دێت، بەڵام لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتە نوێیەکان بەسەریدا، پێشبینی دەکرێت یاریزانەکە سزاکەی درێژ بکرێتەوە و بۆ ماوەیەکی زیاتر لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.