ئاچێربی بێتاوان دەرچوو.. جیسۆس دەڵێت نەدەبووایە وەک پیاو هەڵسوکەوت بکەم

28-03-2024
ئیحسان تاهیر
ئاچێربی و جیسۆس
ئاچێربی و جیسۆس
نیشانەکردن فرانچیسکۆ ئاچێربی رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، بڕیاریدا لێکۆڵینەوەکانی دژی فرانچیسکۆ ئاچێربی، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت یاریزانەکە گوتەی رەگەزپەرستانەی دژی یاریزانێکی دیکە بەکارهێنابێت. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە یاریزانەکە تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی رەگەزپەرستی بەرامبەر خوان جیسۆسی بەرگریکاری یانەی ناپۆلی لە یارییەکەی نێوان هەردوو یانە لە خولی ئیتاڵیادا، کە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
ئاچێربی رووبەڕووی ئەگەری سڕکردن بۆ ماوەی 10 یاری بووەوە، ئەمەش بە مانای کۆتایی وەرز دەبوو بۆی، لەگەڵ ئەگەری دوورخستنەوەی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2024 کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام دواتر دادوەر تۆمەتەکەی لەسەر هەڵگرت بە بیانوو نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لە بیسەلمێنێت ئاچێربی قسەی رەگەزپەرستانەی بە جیسۆس گوتبێت.
 
دوای ئەوەی تۆمەتەکە درایە پاڵ ئاچێربی، دەسەڵاتی دادوەری وەرزشیی لێکۆڵینەوەی لەو بارەیەوە کردەوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا راستەوخۆ فرانچیسکۆ ئاچێربی یاریزانی ئینتەرمیلانی لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوورخستەوە، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
خوان جیسۆس، بەرگریکاری، یانەی ناپۆلی، رەخنەی لە بڕیاری سزانەدانی فرانچیسکۆ ئاچێربی گرت، لە رێگەی ماڵپەڕی یانەکەی ناپۆلی بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "بە داخێکی زۆرەوە بڕیارەکەی دادوەری وەرزشیم چەندجارێک خوێندەوە، کە دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە کە من قوربانی سووکایەتی رەگەزپەرستانە بووبم، هەرچەندە رێز لە بڕیارەکە دەگرم، بەڵام ئەم هەڵسەنگاندنە زۆر بەزەحمەت لێی تێدەگەم و زۆر ئازارم دەدات".
 
جیسۆس لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "من لە رادەبەدەر بێزارم لە دەرئەنجامی بابەتێکی جددی، کە وادیارە تەنیا من تاوانبارم، چونکە وەک پیاوێکی بەڕێز مامەڵەم کردووە، و خۆم لە چوونە دەرەوە لە یارییەکی گرنگ بەدوورگرت، کە دەکرا ئەو کارەم بێزارییەکی زۆر بۆ هاندەران و بینەرانی یارییەکە دروست بکات، دڵنیام ئەگەر وامکردبا رێزیان لە هەڵوێستی من دەگرت و رەنگە وەک نموونەیەکی جوان وەربگیرایە".
 
بەرگریکارەکەی ناپۆلی ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەم بڕیارە، ئەوانەی خۆیان لە دۆخێکی هاوشێوەدا دەبیننەوە، پێدەچێت بەشێوەیەکی تەواو جیاواز مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و هەوڵبدەن کۆتایی بە شەرمەزاریی رەگەزپەرستی بهێنن، کە بەداخەوە پێناچێت نەمێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە