لاپۆرتا دەیەوێت بۆمبێکی گەورە بتەقێنێتەوە و مەحاڵێک بکاتە راستی

رووداو دیجتاڵ

 

ئالفی باوکی ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی دوێنێ چوارشەممە لە بارسێلۆنا بینراوە، ئەمەش کۆمەڵێک پرسیاری ورووژاندووە، لە سەرووشیانەوە، ئایا هالاند دەچێتە بارسێلۆنا؟.
 
هەردوو رۆژنامە بەنێوبانگەکەی کەتەلۆنیا، مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ و سپۆرت، پشتڕاستییان کردەوە، کە هالاند بووەتە ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنا لە هاوینی 2025، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێک کە بە سوودوەرگرتن لە قازانجی یاریگەی نوێی کامپ نو جێبەجێ دەکرێت.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، بارسێلۆنا بە سوودوەرگرتن لە داهاتی پڕۆژەی نوێی کامپ نو لە توانایدا دەبێت گرێبەست لەگەڵ ئیرلینگ هالاند بکات، بەتایبەتی کە فرۆشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی پۆڵەندیش بەشێک دەبێت لەو پلانە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە چاودێری بوونی باوکی هالاند دەکات لە بارسێلۆنا، لە کاتی خواردنی ژەمێک لە چێشتخانەی ئێل ناسیۆناڵ، کە لە شاری کەتەلۆنیا ناسراوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە گرێبەستی هالاند بۆمبێک بێت لەلایەن خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆناوە، بۆ ئەوەی تیپەکەی بەهێزتر بکات و لە هەڵبژاردنی داهاتووی یانەکەشدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێتەوە.
 
ماوەی گرێبەستی ئێرلینگ هالاند لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوام دەبێت، بەڵام مەرجێکی سزایی تێدایە کە کەمترە لە 200 ملیۆن یۆرۆیە و هەر یانەیەک بەو پارەیە دەتوانێت گرێبەستی یاریزانە نەرویجییەکە هەڵبوەشێنێتەوە و هالاند بباتە ریزەکانی، بەمەرجی ئەوەی خودی یاریزانەکە رازی بێت، بەڵام دەبێت ئەو یانەیەی گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە لە دەرەوەی پرێمەرلیگ بێت، واتا هیچ یانەیەکی پرێمەرلیگ ناتوانێت هالاند بباتە ریزەکانی.
 
بارسێلۆنا پێشتر یەکەم هەوڵی خۆی دابوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هالاند لە یەکی نیسانی 2021، کاتێک باوکی یاریزانەکە و بەڕێوبەری کۆچکردووی، مینۆ رایۆلا بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتیان کرد بۆ بارسێلۆنا بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر پڕۆژەی وەرزشیی یانەکە هەبێت.
 
هەروەها چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسا، لە مانگی ئاداری 2022 گەشتێکی بۆ میونشن کرد، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ چاوی بە هالاند، یاریزانی ئەوکاتەی بۆرووسیا دۆرتمۆند بکەوێت و پڕۆژەکەی بۆ روونبکاتەوە.