هاندەران داوا دەکەن تێن هاگ هەل بداتە زیدان

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتد داوا لە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکە دەکەن لە یارییەکانی داهاتوودا هەلی یارییکردن بداتە زیدان ئیقباڵ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق.
 
یاریزانەکە تەمەنی 19 ساڵە، لە یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر رووسیا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، سەرەڕای ئەوەی عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
 
یارییەکە سێیەم یاریی دۆستانەی یاریزانەکە بوو بەدرێسی عێراقەوە، زیدان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و رۆڵێکی گەورەی بینی لە رێکخستنی یاریی تیپەکە.
 
دوای ئاستە بەرزەکەشی لەو یارییەدا، ڤیدیۆی زیدان لە سۆشیاڵ میدیای عەرەبی و ئینگلیزیدا زۆر بڵاوبووەوە، هاندەران داوا لە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکەن لە یارییەکاندا هەلی زیاتر بە زیدان بدات، بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەکاندا بکات، لەکاتێکدا لە پرێمەرلیگ و پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەشدا لە زۆرینەی کاتەکاندا ناوی لە لیستی یانەکەدا هەبووە، بەڵام یاریی پێ ناکات.
 
زیدان تەنیا یەک یاریی فەرمی بەدرێسی تیپی یەکەمی مانچێستەر یونایتدەوە ئەنجامداوە، ئەویش لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بوو کاتێک بەرامبەر یانەی یەنگ بۆیزی سویسری لە خولەکی 89 چووە نێو یاریگە، لە رکابەرییەکانی وەرزی 2021-2022.
 
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکە پێشکێشیدەکات، چەند یانەیەکی ئینگلیزی بەخواستن داوای یاریزانەکەیان دەکرد، بەڵام تێن هاگ ئامادەنییە دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.