ڤیدیۆ؛ کلاسیکۆ لە مانگی رەمەزاندا.. یاریزانانی بەڕۆژوو و یادگارییەکانی یارییەکی پڕ لە گرژی

رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەکانی یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە 5ـی نیسان یاریی کلاسیکۆ ئەنجام دەدەن، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی پاشا، کە دەکەوێتە مانگی پیرۆزی رەمەزان، کە لە هەردوو تیپدا یاریزانی موسڵمان هەیە و بەڕۆژوو دەبن. 
 
لە ریال مەدرید، کەریم بنزیمای کاپتنی تیپەکە هەموو ساڵێک شانازی بە مانگی رەمەزانەوە دەکات، بەشێوەیەکی گشتی وێنەی خۆی بڵاودەکاتەوە کە لەسەر نەریتی ئیسلامی جلوبەرگ لەبەردایە، پێش ئەوەی دەست شکاندنی بەربانگ بکات.
 
هێشتا نازانرێت، ئایا بنزیما لە رۆژانی یارییە گرنگەکاندا بەڕۆژوو دەبێت یان نا، بەڵام هەمیشە ئاماژە بە گرنگی ئەم مانگە پڕ لە بەرەکەتە دەکات، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پیرۆزبایی هاتنی مانگەکە.
 
یاریزانێکی دیکەی موسڵمان لە ریال مەدرید هەیە، کە لە یاریی کلاسیکۆدا بەشداری دەکات، ئەویش بەرگریکاری ئەڵمانی بەڕەچەڵەک سیرالیۆنی، ئەنتۆنیۆ رۆدیگێرە.
 
سەبارەت بە بارسێلۆنا، یاریزانێکی موسڵمان هەیە کە پێش یارییەکەی کلاسیکۆ لەگەڵ کاتدا پێشبڕکێ دەکات بۆ ئەوەی چاکبێتەوە و بەشداری لە کلاسیکۆدا بکات، ئەویش عوسمان دێمبلیی یاریزانی فەرەنسییە.
 
یاری داهاتوو کاژێر 21:00 شەو بە کاتی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، نزیکەی 25 خولەک دوای شکاندنی بەربانگ، واتە هیچ کام لە یاریزانەکان لە کاتی یاریکردندا بەڕۆژوو نابن.
 
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لە چەند بۆنەیەکدا یارییەکانی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا، لە مانگی رەمەزان ئەنجامدراون، لەنێویاندا یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا، لە 17ـی ئابی ساڵی 2011.
 
ئەو یارییە لە یاریگای کامپ نو بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی یاریی چوون لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچووبوو، بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هات.
 
دوای چارەکێک لە دەستپێکی یارییەکە، بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵێک، دوای پاسێکی یەکلاکەرەوەی ئەفسانەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی، بە ئاراستەی ئاندرێس ئینێستای هاوڕێ ئیسپانییەکەی، کە رووبەڕووی ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید بووەوە و تۆپەکەی خستە نێو گۆڵەکەی.
 
بەڵام زۆری نەخایاند، ریال مەدرید توانی گۆڵەکە یەکسانبوون بکاتەوە، دوای تەنیا 5 خولەک، لە رێگەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی، کە سوودی لە پاسێکی کەریم بێنزیمای هاوڕێی وەرگرت.
 
پێش کۆتایی نیوەی یەکەم، مێسی لە هەوڵێکی تاکەکەسیدا گەڕایەوە و بارسێلۆنای پێشخستەوە، بەڵام بینزیما لە خولەکی 82ـدا گۆڵی یەکەمی خۆی لە یارییەکانی کلاسیکۆدا تۆمارکرد و یەکسانبوونی سەپاند.
 
بەڵام مێسی رەتیکردەوە هەردوو تیپەکە بچنە دوو گێمی زیادکراو، بەو پێیەی توانی گۆڵی بردنەوە تۆماربکات، دوای ئەوەی پاسێکی لە سیسک فابریگاسی ئیسپانییەوە پێگەیشت.
 
ئەو یارییە زۆر گرژبوو، تووندوتیژی بەخۆیەوە بینی، لە ئەنجامدا مەسعود ئۆزێل و مارسێلۆ لە ریال مەدرید و داڤید ڤییا لە بارسێلۆنا بە کارتی سوور دەرکران، هەروەها  شەڕە بەنێوبانگەکەی نێوان جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری مێرینگێ و یاریدەدەری راهێنەری بارسێلۆنا، تیتۆ ڤیلانۆڤا روویدا.