ڤیدیۆ؛ ئەو یاریزانەی ئیسلام ژیانی گۆڕی

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی یوڤێنتوس، نموونەیەکی دیکەی ئەو یاریزانانەیە، کە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکات و تێیدا بەڕۆژوو دەبێت.
 
یاریزانی فەرەنسی لە سەرەتای موسڵمانبوونی لە تەمەنی لاوێتییەوە، حەزی لە ئەنجامدانی هەموو ئەرکە ئاینیەکانی بووە، لەنێویاندا رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا.
 
ئەو یاریزانە، کە بەڕەچەڵەک غینییە، دان بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ژیانیدا دەنێت لە دوای موسڵمانبوونییەوە، وەک ئەوەی لە لێدوانەکانیدا کە بۆ رۆژنامەکانی فەرەنسا داویەتی، دەڵێت "ئیسلام  بۆ من هەموو شتێکە".
 
ئەو دەشڵێت "ئیسلام وایلێکردم سوپاسی خوا بکەم بۆ هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا روویانداوە، گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بوو لە ژیانمدا، چونکە من بە موسڵمان لەدایک نەبووم هەرچەندە دایکم موسڵمان بوو".
 
ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد لەوەتەی موسڵمان بووە، پابەند بووە بە بەڕۆژووبوونی مانگی رەمەزان، سەرەڕای هەندێک گوشار کە لە یەکەم سەرکێشی لەگەڵ یوڤێنتوسدا تووشی بوو.
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە دووپاتی دەکاتەوە که رۆژووگرتن له مانگی رەمەزاندا رێگری لێناکات کە بە ئاستێکی بەرزەوە یاری نەکات، هەروەها ئاستەنگێک نییە بۆ ئەوەی لە رووی جەستەیی و تەکنیکییەوە تواناکانی بخاتەڕوو.
 
پۆگبا ساڵی 2021 راشکاوانە بە رۆژنامەڤانانی گوت من راهاتووم بە رۆژووگرتن و چیدی وەکجاران من ناترسێنێت.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە، زۆر ژیرانە و بەپێی پلانێکی زانستی خۆی بۆ رەمەزان ئامادە دەکات، ئەو پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراکی هەیە کە یارمەتی دەدات چ جۆرە خواردنێک بخوات، هەروەها کاتێک راهێنان دەکات هەندێک خواردنی پێویستی پێدەدات، هەندێک پرۆتین، بۆ ئەوەی ماسولکەکانی زۆر لەدەست نەدات.
 
پۆل پۆگبا لەبەرئەوەی لە روانگەی بڕواوە بەڕۆژوو دەبێت، وەک خۆی دەڵێت دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا بکات، ئەو پێیوایە بەڕۆژووبوون ئەوەندە قورس نییە کە هەندێک کەس باسی دەکەن.
 
پۆگبا هەمیشە دووپاتیدەکاتەوە کە رۆژوو شتێکی باشە، بەتایبەتی کە  بۆ مەبەستێکی بەرز ئەنجامی دەدات، ئەو دەڵێت "ئیسلام بوو مێشکی منی کردەوە و کردمی بە کەسێکی باشتر".
 
هەرچەندە حەزی لە هاتنی رەمەزانە، بەڵام مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوو بۆ پۆگبا هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی ئاستی یاریکردنی، ئەو ئاستێکی خراپی لەگەڵ مانجێستەر یونایتدی ئینگلیزی نیشاندا و رووبەڕووی رەخنەی جەماوەر بووەوە.
 
پۆگبا لە مانگی رەمەزاندا 3 یاری لە پرێمەرلیگدا ئەنجامدا، کە تێیدا هیچ گۆڵی تۆمار نەکرد و هیچ ئاسیستێکیشی نەبوو، پێش ئەوەی تووشی پێکانێکی ماسوولکەی درێژخایەن ببێت.