ڤیدیۆ؛ یەکەم مەشقی بایرن میونشن لەژێر سەرپەرشتی توخێل

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆماس توخێل، راهێنەری نوێی یانەی بایرن میونشن دەستی بەکارکردن کرد و سەرپەرشتیی یەکەم مەشق و راهێنانی تیپە نوێیەکەی کرد.
 
ئەمڕۆ توخێل لە کەشێکی ئەرێنیدا چووە شوێنی مەشقی یانەی بایرن میونشن و سەرپەرشتیی یەکەم مەشقی یانەکەی کرد، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی لووتکەی خولی ئەڵمانیا، کە رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە دێر کلاسیکێردا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
توخێل سێ رۆژ لەمەوبەر وەک راهێنەری نوێی بایرن میونشن دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی یولیان نایگلێسمان، لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.
 
میدیای ئەڵمانیا دەڵێت "مەشقەکانی ئەمڕۆی بایرن میونشن کەمتر لە کاژێرێکی خایاندووە و راهێنەرەکە تەنیا کاری لەسەر لایەنی دەروونی تیپەکە کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بووە ئەوەیە کە توخێل ماوەیەکی زۆر بەتەنیا قسەی لەگەڵ لێرۆی سانێ کردووە."
 
لەو یاریزانانەی بەشدارییان لە مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەدا کرد، بەشێکی کەمیان یاریزانی تیپی یەکەم بوون، بەهۆی ئەوەی کە یاریزانەکانی دیکە پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکانیانەوە کردووە و تاوەکو ئێستا هەمووان نەگەڕاونەتەوە نێو تیپەکە.
 
بایرن میونشن ئێستا بەجیاوازیی خاڵێک لەگەڵ دۆرتموند لە پلەی دووەمی ریزبەندی بوندێسلیگایە، یەکەم یاریی توخێل وەک راهێنەری نوێی باڤارییەکان بەرامبەر یانەی پێشووی دەبێت.