بایرن ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورە لە بارسا

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لە ئەڵمانیا، پشتڕاستیان کردەوە کە کارگێڕیی یانەی بایرن میونشن ئامادەیە هەوڵەکانی دەستپێبکات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پابلۆ گاڤی، ئەستێرەی لاوی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی.
 
گاڤی رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە سەبارەت بە داهاتووی لەگەڵ بلاوگرانا، دوای ئەوەی دەستەی خولەکە و دادگای ئیسپانیا رەتیانکردەوە دان بە گرێبەستە نوێیەکەیدا بنێن کە لەگەڵ بارسا تاوەکو هاوینی 2026 واژۆی کردبوو، بۆیە یانەکانی دیکە دەیانەوێت ئەم دۆخە بقۆزنەوە، بەتایبەتیش یانەی بایرن میونشن.
 
دادگا و خولی ئیسپانیا دوای قبوڵکردنی گرێبەستەکەی گاڤی، پێداچوونەوەیەکیان لە بڕیارەکەیاندا کردەوە و جارێکی دیکە بڕیاریاندا کە گرێبەستەکەی گافی کارا نییە، هەروەها گرێبەستە کۆنەکەی کە لە کۆتایی وەرزی ئێستادا کۆتایی دێت بەردەوام دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی سکای سپۆرتی ئەڵمانی، کارگێڕیی یانە باڤارییەکە بەجددی چاودێری هەڵوێستی یاسایی گاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا دەکات، پێش ئەوەی دەست بە دانوستاندن لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، تاوەکو ئێستا بایرن میونشن هیچ قسەیەکی نە لەگەڵ ئەو یاریزانە و نە لەگەڵ ئیڤان دی لا پێنای بەڕێوەبەری کارەکانی نەکردووە، بەڵام ئەو حەزیکردووە هەموو پێشهاتەکانی پەیوەست بە چارەنووسی ئەو یاریزانە لە کامپ نو بزانێت، چونکە یانە باڤارییەکە لە بەهای ئەو یاریزانە تێدەگات، کە ساڵی رابردووش بیری لە بردنە ریزەکانی دەکردەوە.
 
گاڤی هێشتا تەمەنی 18 ساڵە، یەکێکە لەو یاریزانانەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا وەک یاریزانێکی گرنگ سەیریان دەکات و لە زۆربەی یارییەکاندا وەک یاریزانێکی سەرەکی یاری پێدەکات. بەڵام بەهۆی ئەو کێشە یاساییەوە مەترسی لەدەستدانی لەلایەن بارسێلۆناوە لە ئارادایە، بەتایبەتیش کە هەموو راهێنەرە گەورەکان سەرسامن بە تواناکانی.