بۆچی لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیال ڤار بەکارناهێندرێت؟

28-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆناڵدۆ ڤار
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لە کیشوەری ئەوروپا دوای تەنیا دوو گەڕ رووبەڕووی رەخنە و کێشەی زۆر بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کە سیستمی ڤار تێیدا بەکارناهێندرێت.

شەوی شەممە 27ـی ئاداری 2021، لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی سێربیا و پۆرتوگال، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، گۆڵێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەژمارنەکرا، لەکاتێکدا تۆپ بە تەواوی هێڵی گۆڵی بڕیبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڤارەوە، ناوبژیوان نەیتوانی بڕیاری راست بدات و گۆڵەکەی هەژمارنەکرد، ئەمەش جارێکی دیکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردەوە.

پرسیاری هەمووان دوای هەژمارنەکردنی ئەو گۆڵەی رۆناڵدۆ، ئەوەیە کە بۆچی ڤار بەکارناهێندرێت؟

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەکاتێکدا سەرەتا بڕیاریدابوو ڤار بەکاربهێندرێت، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و یارییەکانی ئەو رکابەرییە زەحمەت و گرنگە بەبێ پشتبەستن بە سیستمەکە دەستیپێکرد، بیانووی فیدراسیۆنەکەش ئەوەیە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڤار بەکارناهێنێت و پێی وایە ژووری ڤار بچووکە و بەهۆی کۆبوونەوەی زۆری ناوبژیوانەکان لە ژوورەکەدا مەترسی تووشبوونیان بە کۆرۆنا زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەندێک لەو وڵاتانەی یارییەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، هاندەرانیش ئامادەدەبن، دوایینیشیان هۆڵەندا بوو، کە لە یاریی هۆڵەندا و لاتڤیا 5 هەزار هاندەر لە نێو یاریگەدا ئامادەبوون.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بە کارنەهێنانی ڤار لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیال، کە رەنگە ئەمە هۆکارە سەرەکییەکە بێت، ئەوەیە کە دانانی سیستمی ڤار پارەیەکی زۆری تێدەچێت و بەشێکی وڵاتەکانی ئەوروپاش لە رووی داراییەوە ئەوەند بەهێز و دەوڵەمەند نین.

بەکارهێنانی ڤار پارەیەکی زۆری تێدەچێت.

پسپۆر و شارەزایانی تەکنەلۆجیا دووپاتیدەکەنەوە کە کەمترین پارە بۆ بەکارهێنانی سیستمی ڤار دەگاتە 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لەکاتێکدا ئەگەر بەبێ هیچ کەموکورتییەک سیستمەکە دابنرێت تێچووی دانانی سیستمەکە دەگاتە 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لەکاتێکدا بەرنامەی سۆفت وێری تێدا بەکاردەهێنرێت کە گرانترین بەرنامەکانە و پشت بە کواڵێتی بەرز، بەدواداچوون و پاراستنی دیمەنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و تاوەکو کۆتایی یارییەکان دەکات، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە پارەیەکی زۆری تێبچێت.

سەرەتای دروستبوونی بیرۆکەی بەکارهێنانی ڤار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، بۆ رێگریکردن لە هەڵەکانی ناوبژیوان و هاوکاریکردنیان لە بڕیاردان، لە ساڵی 2016 بۆ یەکەمجار سیستمەکە تاقیکرایەوە، ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی رووسیادا سیستمەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەکاربهێنرا.

کەرستەکانی تەکنەلۆجیای ڤار

بەکارهێنانی ڤار لە هەر یاریگەیەکەدا پێویستیی بە 50 کامێرا هەیە، کە 33 لەو کامێرایانە لەسەر گوڕەپانی یاریگە دەبن و بەشێوەیەکی راستەوخۆ یارییەکانی لە رێگەوە دەگوازرێتەوە، کە کامێراکانیش هەموویان کوالێتییەکی بەرزیان هەیە و نرخەکانیان دەگاتە 200 هەزار دۆلار بەهەموو پێداویستییەکانییەوە.

کاریگەریی ڤار لەسەر ناوبژیوان

زۆر رای جیاواز لەبارەی ڤارەوە هەن، کە رەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی بەشێکی زۆری ناوبژیوانەکان بەبێ کار بمێننەوە، چونکە تەکنەلۆجیاییەکە پشت بە تەکنەلۆجیای نوێی بێ سنوور دەبەستێت، لەبەرئەوە لەوانەیە لە دوارۆژدا پشت بە بەرنامەی پێشکەوتووتر ببەستێت و ئەوانەی پسپۆرن لە ڤاردا کەمبکرێنەوە، لەوانەیە ئەو کات لە جێگەی ئەو هەموو ناوبژیوانە پشت بە تەنیا دوو ناوبژیوان ببەسترێت، کە ئەو کات خەرجییەکانی ناوبژیوان کەمدەبنەوە، کە ئێستا بۆ هەر ناوبژیوانێکی ناوەڕاست کە یارییەکی مۆندیال بەڕێوەدەبات تێچووەکەی دەگاتە 57 هەزار یۆرۆ و ناوبژیوانی یاریدەدەریش 20 هەزار یۆرۆ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە