پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022.. پاڵەوانی جیهان لە کازاخستانە و ئیتالیاش دەیەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت

رووداو دیجیتال

لە درێژەی یارییەکانی گەڕی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئەمڕۆ 15 یاری بەڕێوەدەچن.

یەکەم یاری کاژێر 16:00 بە کاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی ئەستانا ئەرێنا دەبێت لە کازاخستان، کە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە میوانداری هەڵبژاردەی فەرەنسای پاڵەوانی جیهان دەکات.

ئەم یارییە لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدایە، کە لە گەڕی رابردوودا فەرەنسییەکان نەیانتوانیوە هاندەرانی خۆیان دڵخۆش بکەن و لەگەڵ ئۆکراینا یەکسانبوونە، کازاخستانیش لە گەڕی رابردوودا یاری نەکردووە و چاوەڕوانی کۆمەڵەکە بوو.

ئۆکرایناش کە دڵخۆش بوو بە ئەنجامی گەڕی یەکەمی لەگەڵ فەرەنسا، میوانداری فینلەندا دەکات، بەهیوای بەدەستهێنانی 3 خاڵی گرنگ.

لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، ئینگلتەرای پێشەنگ دەبێتە میوانی ئەلبانیا، کە هەردوو هەڵبژاردە خاوەنی 3 خاڵن و بردنەوەی هەر یەکێکیان واتە وەرگرتنی پێشەنگیی کۆمەڵەکە.

لە کۆمەڵەی هەشتەمیشدا بەهەمانشێوە ئەڵمانیا بۆ شەڕکردن لەسەر پێشەنگی کۆمەڵەکە دەچێتە رۆمانیا.

بێگومان ئەڵمانیا میوانێکی رەزاگران دەبێت بۆ رۆمانیا، کە ئەڵمانەکان لە یاری رابردوودا ئاستێکی بەرزیان بەرامبەر ئایسلەندا نیشاندا و بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر 3 خاڵیان بەدەستهێناوە، بەڵام رۆمانییەکانیش بە بردنەوە لە مەگەدۆنیای باکوور 3 خاڵیان بەدەستهێناوە و دەکرێت لەسەر خاکی خۆیان ئەڵمانەکان شۆک بکەن.

لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئیسپانیا دەبێتە میوانی جۆرجیا، کە لە یاری یەکەمدا کوڕانی لویس ئێنریکی نەیانتوانی لە یۆنان ببەنەوە و بە یەکسانبوون رازی بوون، پێویست دەکات ئەمڕۆ  بە 3 خاڵ لە تێبلیسییەوە بگەڕێنەوە، چونکە لەدەستدانی خاڵی زیاتر رێگەیان ئاڵۆز دەکات، بەو پێیەی لەم کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەی سوێد بە سەرکردایەتی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هەیە، کە لە یاریی رابردوودا سەرکردایەتی سوێدی کرد بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵ و گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەکە، کە ئەمجارەش دەبێتە میوانی کۆسۆڤۆ.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئیتالیا دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە بولگاریا بباتەوە و درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات، کە 22 یارییە بەسەریەکەوە نەدۆڕاوە.

ئیتالییەکان لە گەڕی یەکەمدا بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە ئێرلەندای باکووریان بردووەتەوە، کەچی بولگاریا 1 - 3 بە سویسرا دۆڕاوە، کە ئەمەی دواییش لە یارییەکی گرنگدا میوانداری لیتوانیا دەکات، بۆ بردنەوە و بەردەوام بوون لە رکابەریکردنی ئیتالیا لەسەر پێشەنگیی کۆمەڵەکە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

کازاخستان - فەرەنسا 16:00
دانیمارک - مۆلدۆڤا 19:00
ئەرمینیا - ئایسلەندا 19:00
ئەلبانیا - ئینگلتەرا 19:00
جۆرجیا - ئیسپانیا 19:00
ئیسرائیل - سکۆتلەندا 21:45
رۆمانیا - ئەڵمانیا 21:45
پۆڵەندا - ئاندۆرا 21:45
نەمسا - دۆرگەکانی فارۆ 21:45
بولگاریا - ئیتالیا 21:45
سان مارینۆ - هەنگاریا 21:45
مەگەدۆنیای باکوور - لیشتینشتاین 21:45
ئۆکراینا - فینلەندا 21:45
سویسرا - لیتوانیا 21:45
کۆسۆڤۆ - سوێد 21:45