کەرەنتینەی یاریزانانی ریال مەدرید بە سەلامەتی کۆتاییهات

28-03-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤایرۆسی كۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

ماوەی کەرەنتینەی یاریزانانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کۆتاییهات و سەرجەم یاریزانانی سەلامەت دەرچوون.

دوای ئەوەی تری تۆمفکینسی یاریزانی باسکەی یانەی ریال مەدرید تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، سەرجەم یاریزانانی هەموو تیپەکانی ئەو یانەیە خرانە کەرەنتینەوە.

بەر لە 15 رۆژ یانەی ریال مەدرید تووشبوونی تۆمفکینسی بە کۆرۆنا راگەیاند و زیاتر لە 700 یاریزان و کارمەندانی خۆی کەرەنتینە کرد لەپێناو پاراستنیان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دووپاتیکردەوە کە لە ماوەی کەرەنتینەکەدا پشکنینەکانی هیچ یاریزانێک و هیچ کارمەندێکی یانەکە ئەرێنی دەرنەچوون و دەرکەوت هەموویان سەلامەتن.

ئەو رۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی "هەموو یاریزانانی ریال مەدرید لە مەدریدی پایتەختن بێجگە لە لوکا یۆڤیچی یاریزانی سربی، کە دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە یانەکەی گەڕایەوە وڵاتەکەی، ئەگەرچی لەوێ تووشی کێشە بوو".

ئەی ئێس هەروەها دەڵێت "هێشتا یاریزانانی ریال مەدرید لە ماڵەکانیان مەشقەکانی توانای جەستەیی دەکەن و پابەندیشن بە سیستمێکی خۆراکی زانستی بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ ئەوکاتەی خولەکان دەستپێدەکەنەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە