سوپرایز.. ئەگەری هەیە زیدان لە رێگەی یانەیەکی بەنێوبانگەوە بگەڕێتەوە

28-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زینەدین زیدان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی و پێشووی یانەی ریال مەدرید، جارێکی دیکە دەبێتەوە رۆژەڤێکی گەرمی میدیا و ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی.

زیدان لە نێوان 2019 بۆ 2021 بۆ جاری دووەم راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدریدی کرد، دوای ئەوە تاوەکو ئێستا هەرچەند ناوی بە چەند یانە و هەڵبژاردەیەک بەستراوەتەوە، بەڵام بەبێ کار ماوەتەوە و هێشتا بڕیاری نەداوە.
 
زیدان لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریدا لەبارەی ژیانی مارچێلۆ لیپی، کە پێشتر راهێنەرایەتیی زیدانی کردووە لە یانەی یوڤێنتوس دەڵێت "من ئیتاڵیام خۆشدەوێت، عەشقی هاندەرانمان بۆ تۆپی پێ لەوێ خۆشدەوێت، دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان لەوێ راهێنەرایەتی بکەم."
 
ئەم قسانەی زینەدین زیدان کاردانەوەی گەورەیان دروستکرد، رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی نووسیوویەتی "قسەکانی زیدان هەستی هاندەرانی یانەی یوڤێنتوسی جۆڵاندووە و ئەوان ماوەیەکی زۆرە خەون بەوەوە دەبینن، زیزۆ وەکو راهێنەر بگەڕێتەوە یانەکەیان."
 
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێت "زیدان خەونێکی لە مێژینەی هاندەرانی بیانکۆنێرییە، بەتایبەت کە بەر لەوەی وەکو یاریزان بچێتە ریال مەدرید، لە یوڤێنتوس یارییکردووە و لەگەڵ یانەکە نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەستهێناوە."
 
توتۆ سپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یوڤێنتوس هەمیشە بەباوەشی کراوەوە ئامادەیە پێشوازی لە گەڕانەوەی زیدان بکات، بەڵام گەڕانەوەی هێندە ئاسان نییە و بەندە بە کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە، لەپێش هەمووشیانەوە دۆخی دارایی یانەکە.
 
زیدان پێشتر وەکو راهێنەر لە ریال مەدرید 12 ملیۆن یۆرۆی وەکو مووچەی ساڵانە وەردەگرت، ئەگەر بۆ گەڕانەوەی بۆ یوڤێنتوس داوای ئەو مووچەیە بکات ئەرکی یانە ئیتاڵییەکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی زۆر زەحمەت دەبێت.
 
جگە لە یانەی یوڤێنتوس، ناوی زینەدین زیدان، بە هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەستراوەتەوە، بەڵام بەتەواوی دیارنییە زیدان دەگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی یان نا.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، لە چەند کاژێرێکی رابردوودا میدیای بەریتانیا هەواڵێکی بڵاوکردەوە، کە کۆمپانیای ئانوێس کە خاوەنداریەتیی بەشێکی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد دەکات، خەون بەوەوە دەبینن زیدان بکەنە راهێنەری یانەکە و لەژێرەوە کار بۆ راهێنەرێکی نوێ دەکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا شوێنی ئێریک تێن هاگ بگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە