هاوژینەکەی ئیسرائیلیە و رێگەی نادات بچێتە خولی سعودی

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیارییداوە لە هاوینی ئەمساڵدا، دەستبەرداری ئەستێرەیەکی یانەکە ببێت، کە ئێستا لە پلانەکانی چاڤی هێرناندێز رۆڵێگی گەورەی نییە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە بڕیارییداوە، لە هاوینی ئەمساڵدا دەرگای رۆیشتن لەبەردەم سێرجی رۆبێرتۆ، بەرگریکاری یانەکەی بکاتەوە، دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز، بڕیارییدا پشت بە یاریزانەکە نەبەستێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت "تاوەکو ئێستا یانەی بارسێلۆنا هیچ دەستەوارەیەکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێشی رۆبێرتۆ نەکردووە، یاریزانەکە بە ئەگەری زۆرەوەی لە هاویندا لە یانەکە دەڕوات، سەرەڕای ئەوەی بەنیازبوو لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت و تاوەکو ئێستاش چاوەڕێی یانەکە دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی."
 
سێرجی رۆبێرتۆ، لە ماوەی رابردوودا ناوی بە چەند یانەیەکەوە بەستراوەتەوە، هەردوو یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە ماوەی رابردوودا چاودێریی دۆخی یاریزانەکەیان کردووە و دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یانەی قادسییەی سعودی دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێشی یاریزانەکە کردووە، بەڵام هاوژینی یاریزانەکە ئامادەنییە بچێتە سعودیە.

 



کۆرال سیمانۆڤیچ، خانمە نمایشکارێکی ئیسرائیلییە و لە دایکبووی ئەمریکایە، ئێستا هاوژینی سێرجی رۆبێرتۆ، بەرگریکاری ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنایە و ئامادەنییە ژیانی داهاتووی بباتە سعودیە، بۆیە یاریزانەکە دەستەوارەی ئەو یانەیەی رەتکردووەتەوە.
 
سێرجی رۆبێرتۆ تەمەنی 32 ساڵە، لە ساڵی 2009ـەوە لە یانەی بارسێلۆنا یاریی دەکات، لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە کۆتاییدێت.