سامی خدێرە: کرووس مێسی نییە

رووداو دیجیتاڵ

سامی خدێرە، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، پێشوازی لە گەڕانەوەی تۆنی کرووسی یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ ریزەکانی مانشافت کرد، بەڵام گوتیشی "کرووس مێسی نییە".
 
تۆنی کرووس، لە وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی پاشگەزبووەوە و بڕیاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری لە یۆرۆی 2024ـدا بکات.
 
سامی خدێرە، لەوە باریەوە لە لێدوانەکاندا رایگەیاند "دەکرێت تۆپی پێی ئەڵمانیا هەست بە دڵخۆشی بکات بە گەڕانەوەی تۆنی کرووس بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، چونکە گەڕانەوەی کرووس بۆ هەڵبژاردەکەمان کارێکی باشە، بەڵام نابێت وا نیشان بدەین کە کرووس نازناوی یۆرۆ بۆ ئەڵمانیا دەباتەوە و هەموو شتێک بە تەنیا ئەنجام دەدات، ئەو لیۆنێل مێسی نییە".
 
خدێرە، پێکەوە لەگەڵ کرووس یارییان بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردووە، و پێکەوە مۆندیالی 2014ـیان بەدەستهێناوە، کە لە بەرازیل بەڕێوەچوو، و پێکەوە بەشدارییان لە 5 یارییدا کرد لە ماوەی ئەو پاڵەوانێتییەدا.
 
ئەڵمانیا لە کۆمەڵەی یەکەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا هاوشانی سکۆتلەندا، هەنگاریا و سویسرا یاری دەکات و هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە هیوادارن مانشافت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئاستی راستەقینەی خۆی و رکابەری لەسەر نازناوی ئەوروپا بکات، بەتایبەتی کە پاڵەوانێتییەکە لە خاکی خۆیاندا بەڕێوەدەچێت.
 
پێشتر ئەڵمانیا 3 جار نازناوی یۆرۆی بەدەستهێناوە، دوایین جار لە ساڵی 1996 بو، و لە دوایین پاڵەوانێتیدا لە قۆناخی 16دا دەرکرا.