لیژنەی تەمبێکاری و رەوشت سزای رۆناڵدۆ دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

لیژنەی تەمبێکاری و رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە، بڕیاری داوە گوتەی رۆناڵدۆ وەربگرێت لەسەر ئەو رەفتارە نابەجێیانەی لە یارییەکاندا بەرامبەر هاندەرانی یانەکانی دیکە دەیکات.
 
رووداوەکان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش خێراتر دەبن لە دۆسیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕ، دوای ئەوەی یانەی شەباب سکاڵای لەسەر ئەستێرە پۆرتوگالییەکە تۆمارکرد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبەردەم هاندەرانی یانەی شەباب رەفتارێکی نائەخلاقی ئەنجامدا، دوای ئەوەی هاوارینکرد، مێسی، مێسی.. ئەمەش وایکرد دەستەی هاندەرانی شەباب لای لیژنەی تەمبێکاری و رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە سکاڵا لەسەر رۆناڵدۆ تۆمار بکەن.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییە وەرزشییەکانی سعودیە، لیژنەی دیسپلین و رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە بڕیاریداوە گوتەی کریستیانۆ وەربگرێت لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە تێیدا دیارە رۆناڵدۆ لە یاریی نەسڕ و شەبابدا دەچێتە بەرامبەر هاندەرانی یانەی رکابەریان و جوڵەیەکی نابەجێ ئەنجام دەدات.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە دووپاتیان کردووەتەوە کە لیژنەی تەمبێکاری و رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە کاردەکات بۆ سزادانی کریستیانۆ و سڕکردنی بۆ ماوەی دوو یاری، زێدەباری پێبژاردنی بڕێک پارە بەهۆی رەفتارە ناوەرزشییەکانییەوە.
 
ئەمە دووەمجارە دۆن لە ماوەی چەند رۆژێکدا، رەفتارێکی ناوەرزشی و نابەجێ ئەنجام دەدات، کە پێشتر لە یاریی بەرامبەر هیلالیش لە جامی وەرزی سعودیەدا، کاتێک هاندەرانی هیلال لۆگۆی یانەکەیان بۆ هاوێشت، کاردانەوەکەی بەشێوەیەکی زۆر نابەجێ بوو.