لێدوانی رۆناڵدۆ لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی

28-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، لەبەردەم لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە وەڵامی هەموو ئەو رەخنانە دەداتەوە کە لەبارەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی لێیدەگیرێن.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و شەباب، لە رکابەرییەکانی خولی سعودیە، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵێکی تۆمارکرد و یانەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد و یاریزانەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.
 
لیژنەی تەمبێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لەسەر ئەو رووداوانە هاتە دەنگ و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات، بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، رۆناڵدۆ لەبەردەم لیژنەکەدا بەرگریی لە خۆی کردووە و گوتوویەتی، من رێز لە هەموو یانەکان دەگرم، ئەو شێوازەی ئاهەنگم پێگێڕاوە نیشانەی سەرکەوتن و هێزە و ئاماژەیەک نەبووە بۆ سووکایەتیکردن بە کەس، لە ئەوروپاش ئەو شێوازی ئاهەنگگێڕانە شەرمەزارکەر نییە."
 
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەری هەیە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنییەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ دوو یاریی داهاتوو رابگیرێت.
 
رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لە خولی سعودی ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی خولی سعودیە و هەر خۆیشی ئاسیستکاری یەکەمی خولەکەیە، بە دروستکردنی 9 گۆڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە