وێنە و ڤیدیۆ؛ سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر چییان بە ئێمباپێ گوتووە؟

28-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ، میری قەتەر و سەرۆکی فەرەنسا
کیلیان ئێمباپێ، میری قەتەر و سەرۆکی فەرەنسا
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ئیمانوێل ماکرۆن تەمیم بن حەمەد ئەلسانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر بەشداری لە ئێوارە خوانێکدا دەکات.
 
شەوی سێشەممە لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و چەندین کەسایەتیی دیکە بەشدارییان لە ئێوارەخوانێکدا کرد، کە لە چوارچێوەی سەردانی شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر بۆ فەرەنسا رێکخرابوو.
 
ئێمباپێ لەنێو پێشوازییەکی گەورەدا بە جلوبەرگی فەرمییەوە گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ، هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر پێشوازیی لێدەکەن.
 

میری قەتەر لە کاتی گەیشتنی کیلیان، بە یاریزانەکە دەڵێت "هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم."
 
دوای ئەوە ئیمانوێل ماکرۆن، کە زیاتر لە جارێک پێشتر یاریزانەکەی بینیووە و پەیوەندییەکی باشیان بەیەکەوە هەیە، بەپێکەنینەوە بە کیلیان ئێمباپێ دەڵێت "کێشەی زیاترمان بۆ دروستدەکەیت."
 

 

بەپێی هەواڵی میدیای فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ تاکە یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان بووە کە ئامادەی ئەو ئێوارەخوانە بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یاریزانەکە نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان و پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە.
 
عەبدوڵڵا بولما، رۆژنامەڤانی قەتەری فەرەنسی، کە نزیکە لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "کۆبوونەوەکە هیچ کاریگەرییەکی نابێت، ئێمباپێ پێشتر بڕیاری خۆیداوە و دەیەوێت بچێتە ریال مەدرید."
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی جیهان، لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە نووسیوویەتی "کۆبوونەوەکە هیچ کاریگەرییەکی نییە، ئێمباپێ پێشتر رۆیشتنی خۆی بە پاریس سانجێرمان راگەیاندووە و لەگەڵ ریال مەدریدیش گفتوگۆکانیان لە قۆناخی پێشکەوتوودان."
 
کیلیان ئێمباپێ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، یاریزانەکە بە کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکەی گوتووە و لە یانەکە دەڕۆم.


هێرشبەرە 25 ساڵەکە پێشتر لە هاوینی رابردوودا رایگەیاند، ئەم وەرزە لە پاریس سانجێرمان تەواو دەکات، بەڵام کار بە بەندی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ناکات، کە رێگەی دەدا تاوەکو هاوینی 2025 لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە