'دوژمنەکەی زیدان' دەستی لەکار کێشایەوە


رووداو دیجیتاڵ

مانوێل لوگرێ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە راگەیاند.
 
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، چیدی لوگرێ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا نییە و ئەمڕۆ بەفەرمی دەستیلەکارکێشایەوە، وەکئەوەی پێشبینی دەکرا.
 
لۆگرێ، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکاری نائاسایی فیدراسیۆنەکەدا لە پاریس، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێشکرد و ئەندامانی دیکەی فیدراسیۆنەکە کە پێشتر ئەویان ناچارکردبوو لە 11ی کانوونی دووەمی رابردووەوە لە پۆستەکەی پاشەکشە بکات، دەستلەکارکێشانەوەکەیان قبووڵکرد.
 
پێشتر لوگرێ، لەبارەی ئەگەری دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان، بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، سووکایەتی بە زیزۆ کردبوو، گوتبووی ئەوە کێشەی من نییە لە کوێ کاردەکات و دەتوانێ بچێت بۆخۆی بەدوای یانەیەکی دیکەدا بگەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری، چونکە من گرێبەستی دیدێ دیشان نوێ دەکەمەوە بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، هەروەها گوتبووی، ئەگەر زیدان پەیوەندیشم پێوەبکات وەڵامی نادەمەوە.. ئەم قسانەی لوگرێ، دواتر پەرچەکرداری تووندی لە نێو شەقامی وەرزشی فەرەنسا بەدواداهات و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، یەکێکبوو لەوانەی بەزوویی بەرگری لە توانا و ناوبانگ و گەورەیی زیدان کرد.
 
لوگرێ گەرچی دواتر داوای لێبوردنی لە قسەکانی کرد بەرامبەر زیدان و وایدانا کە بەهەڵە لێکدراوەتەوە، بەڵام سەرهەڵدانەوەی دۆسێی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێکی کارکردوو لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، ئەوی ناچارکرد لە کارەکەی بکشێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسادا، لوگرێ بۆ ماوەیەکی کەم پۆستی سەرۆکایەتییەکەی وەرگرتەوە بۆ ئەوەی کارەکانی لیژنەی جێبەجێکاری نائاسایی دەستپێبکات و دواتریش دەستیلەکارکێشایەوە.
 
لوگرێ پێشتر و ماوەی نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا، پۆستەکەی خۆی بەجێهێشت و ئەرکەکانی سەرشانی بۆ ئەندامانی دیکەی فیدراسیۆنەکە گواستبووەوە.