گواردیۆلا گاڵتە بە مانچێستەر یونایتد دەکات

28-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، گاڵتەی بە پارەخەرجکردنە زۆرەکەی مانچێستەر یونایتدی رکابەریکرد، پاشئەوەی ئەو یانەیە لە دوای شەش ساڵ چاوەڕوانی، یەکەم نازناوی جامی کاراباو کەپی بەدەستهێنا.
 
مانچێستەر یونایتد لە یاری کۆتایی کاراباو کەپدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە نیوکاسڵی بردەوە و ئەوە بووە یەکەم نازناوی ئەم وەرزەی یانەکە و یەکەم نازناویش لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەر. لە کاتێکدا پێپ لە شەش ساڵی رابردوودا نۆ نازناوی جیاوازی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەدەستهێناوە، لە نێویاندا چوار نازناوی پرێمەرلیگ.
 
پێپ، پیرۆزبایی لە مانچێستەر یونایتد کرد بەهۆی بردنەوەی نازناوی جامەکەوە، بەڵام گاڵتەی بەخەرجییەکانی یانەکە کرد.
 
پێپ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "پیرۆزبایی لە مانچێستەر یونایتد دەکەم بۆ بردنەوەی نازناوی جامەکە، هەروەها لە نیوکاسڵ کە یارییەکی نایابی ئەنجامدا".
 
پرسیار لە گواردیۆلا کراوە لەبارەی بوونی مانچێستەر یونایتد بە رکابەری بردنەوەی نازناوەکان، پاش بردنەوەی نازناوی جامی کاراباو کەپ، ئەو گوتوویەتی، "ئەگەر کەمێک پارەی زیاتر خەرج بکەن بەڵێ دەتوانن، چونکە دیارە ئەوان دیارە لە رابردوودا خەرجیان نەکردووە!".
 
پێشتر گواردیۆلا بەردەوام رەخنەی ئەوەی لێگیراوە کە پارەی زۆر لە پێکهاتەکەیدا خەرجدەکات و نهێنی سەرکەوتنەکانی یانەکەی پەیوەندی بە خەرجکردنی پارەی زۆرەوە هەیە.
 
راهێنەری سیتی، هەروەها دەڵێ، "یونایتد ئێستا لە پێگەی سرووشتیی خۆیاندان و ئەوەش قبوڵکراوە بۆیان، ئێمە و لیڤەرپوول کۆمەڵێک ژمارەی نایابمان پێشکێشکرد، کاتێک من هاتمە ئێرە، پێموابوو یونایتد هەمیشە رکابەرییمان دەکات لەسەر نازناوەکان، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووەی هەیانە.. تێن هاگ کارێکی نایاب لەگەڵ یانەکەیدا دەکات".
 
پێپ گواردیۆلا، لە هەمان لێدواندا و بەئارامی لە ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد کەمدەکاتەوە، ئەو دەڵێ، "لەبیرمە کاتێک یەکەمجار نازناوی جامی کاراباو کەپمان بردەوە، لەلامان شتێکی گرنگ و باڵکێش بوو، بەڵام کاتێک بۆ چوارەم جار هەمان نازناومان بردەوە، رۆژەکەمان رۆژێکی ئاسایی بوو".
 
گواردیۆلا پێشتر لەگەڵ مانچێستەر سیتیدا چوار نازناوی کاراباو کەپی بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە