دوای بردنەوەی زە بێست، پەیامێکی گرنگ لە مێسییەوە بۆ جیهان

28-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باشترین ساڵ لەلایەن فیفاوە لە پاریس بەڕێوەچوو، لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە وەک باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا.
 
لیۆ بە قاتێکی سەرنجڕاکێشی رەشەوە لە بەردەم زەردەخەنەکانی ئانتۆنێلادا، خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی جیهان وەرگرت، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئەرجەنتینی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
مێسی بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە 52 دەنگی بەدەستهێناوە و بەجیاوازیی 8 دەنگ پێش کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی کەوتووە.
 
لەسەر ئاستی خانمان ئالێکسیا پوتێیاسی ئیسپانی و یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا خەڵاتی زە بێستی بردەوە و بووە باشترین یاریزان، دوای ئەوەی پێش بیس میدی ئینگلیزی و ئالێکس مۆرگانی ئەمریکی کەوت.
 
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری ئەرجەنتین بەرامبەر کارلۆ ئەنچێلۆتی و پێپ گواردیۆلا سەرکەوت و بووە باشترین راهێنەری ساڵ.
 
سارێنا ڤیگمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا وەک باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی خانمان خەڵاتکرا.
 
ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ماری ئێرپاس لەسەر هەردوو ئاستەکە خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزیان بردەوە.
 
مێسی بەهۆی بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی قەتەرەوە خەڵاتەکەی بەدەستهێنا، ئێستا ئەو بووە خاوەنی 7 خەڵاتی باڵۆن دۆر و 7 خەڵاتی فیفاشی بۆ باشترین یاریزانی جیهان هەیە و دەڵێت " ئیدی ناتوانم داوای هیچی دیکە بکەم."
 
دوای بردنەوەی ئەم خەڵاتە گرنگە، لیۆنێل مێسی دڵخۆشیی خۆی پێشاندا و رایگەیاند، بردنەوەی خەڵاتەکە بەهۆی مۆندیالەوەیە و بۆ ئەو زۆر تایبەتە و پەیامێکی گرنگی دایە جیهان، کە مۆندیالی قەتەر دوایین مۆندیالی ئەو بووە.
 
ئەمە قسەکانی لیۆنێل مێسییە، لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی زە بێست.
 
"لە راستیدا بەڵێ، من زۆر دڵخۆشم کە خەڵاتێکی دیکە دەبەمەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە چەند مانگێک لەمەوبەر چیمان کرد، ئەوە گرنگترینی کارەکەم بوو و زۆر تایبەت بوو، ئەم خەڵاتەش تایبەتە، چونکە بەشێکی زۆری بردنەوەی ئەم خەڵاتە بەهۆی بردنەوەی مۆندیالە."
 
"ئێمە زۆر کات و ساتی خۆشمان هەبوو، لەگەڵ ساتە خۆشەکان بە چڕییەکی زۆر لە ماوەی مانگێکدا دەژیاین، تەنیا چەند رۆژی یەکەم نەبێت دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا دۆڕاین، کە بەهۆی ئەو دۆڕانەوە لە بارودۆخێکی خراپدابووین، چونکە ترسمان هەبوو لە کرانە دەرەوە لە قۆناخی یەکەم و سەرنەکەوتن بۆ قۆناخی 16، بەڵام دوای ئەوە چێژی زۆرمان لە مۆندیال وەرگرت و گەورەترین خۆشی ئەوەبوو کە مۆنتێل لێدانەکەی جێبەجێکرد و دواجار بووینە پاڵەوانی جیهان."
 
"بەراستی چێژم وەرگرت، وەک ئەوەی تازە پێمگوتن چێژم لە هەموو ساتێکی مۆندیال وەرگرت، پێشتریش رامگەیاندووە ئەوە دوا مۆندیالی من بوو، ویستم بەتەواوی چێژ لەوە وەربگرم، رۆژ بە رۆژ، یاری بە یاری، شێتی ئەو خەڵکەی کە لە هەموو یارییەک و یاریگەیەک لەگەڵمان بوون."
 
"من بەختم هەبوو، سوپاس بۆ بۆ خوا، توانیم هەموو ئەو نازناوانە ببەمەوە کە ئەگەری بردنەوەیان هەبوو، زۆرجار دەمگوت خەونی من بردنەوەی نازناوێکە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی، لە کۆتاییدا پێی گەیشتم، بەختم هەبوو و توانیم هەموو شتێک ببەمەوە، هەموو ئەو پاڵەوانێتییانەی لە ئاستی یانەکان و هەڵبژاردەکان دەکرێن، چێژم لە هەموو ئەو کاتانە وەردەگرت کە یارییمان تێدا دەکرد، کاری درێژخایەن و باشمان کرد و ناتوانم داوای زیاتر بکەم."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە