فیفا ناچار دەکرێت رووسیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دەربکات؟

28-02-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن شەڕی رووسیا و ئۆکراینا فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

"تۆ بتەوێت بە هێرشی سەربازی وڵاتێک داگیر بکەی و لە هەمانکاتیشدا میوانداری یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال بکەی، ئەوە گەمژەییە یان راستتر ئەوان گەمژەن کە ئامادەبن بێن لەنێو خاکی خۆتدا یاریت لەگەڵ بکەن".
 
ئەمە بە زمانحاڵی ئەوروپییەکان، پەیامێکە بۆ رووسیا، کە بڕیار بوو مانگی داهاتوو میوانداری یارییەکانی ئاراستەی بی لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بکات، بە بەشداری هەرچوار هەڵبژاردەی رووسیا، پۆڵەندا، سوێد و چیک.
 
فیفا دوای رووبەڕووبوونەوەی گوشارێکی زۆر، لە لایەن ئەوروپییەکانەوە، بەتایبەتیش لە لایەن پۆڵەندا، سوێد و چیکەوە، بۆ ئەوەی رووسیا لە مۆندیال دەربکات، کە ئەوان رەتیدەکەنەوە بچنە خاکی رووسیا و بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە یاری بکەن کە سەرقاڵی کوشتنی خەڵکی وڵاتێکی دراوسێ و رووخاندنی تەواوی وڵاتەکەیە، بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ئاشکراکرد و رایگەیاند "هیچ یارییەکی نێودەوڵەتی لە رووسیا بەڕێوەناچێت و هەڵبژاردەکانی ئەو وڵاتەش لە دەرەوەی خاکی خۆیان یارییدەکەن".
 
ئەوروپییەکان پێیانوایە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ دەرکردنی رووسیا لە مۆندیال، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ فیفا و بەتایبەتی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی درێژ دەکەن و پێیانوایە ئەوان کەمتەرخەمن و بە ئەنقەست سستی دەنوێنن لە بڕیاردان لە دژی رووسیا.
 
تەنانەت میدیای ئەوروپا فیفا و ئینفانتینۆ بە ترسنۆک نێودەبەن، لەوەش دوورتر دەڕۆن و دەڵێن "جیانی هاوڕێیەکی نزیکی ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی رووسیایە، کە پێشتر زۆر پەسنی داوە و لە ساڵی 2019 پووتینیش مەدالیای هاوڕێیێتی رووسیای پێبەخشیوە".
 
فیفا سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرەی لەسەریەتی، بەتایبەتیش کە یەکێتیی تۆپی پێی پۆڵەندا و سوێد بەفەرمی رایانگەیاندووە کە بەرامبەر رووسیا یاری ناکەن، بڕیاری دوورخستنەوەی رووسیای نەداوە.
 
لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا پۆڵەندا و وروسیا یارییەکە دەکەن و براوەکەیان لەگەڵ براوەی یاریی چیک و سوێد یاریی گەیشتن بە مۆندیال دەکات، بەڵام هەردوو ئەستێرەی پۆڵەندا، لیڤاندۆڤسکی چێزینی و بە روونی پەیامی وڵاتەکەیان بە فیفا راگەیاند، کە لیڤا گوتی "ناتوانم بەرامبەر رووسیا یاری بکەم، تاوەکو هێرشە سەربازییەکەی لە دژی ئۆکراینا بەردەوام بێت". 
 
پەیامی چێزینی تووندتریش بوو، کە گوتی "ئامادە نیم بەرامبەر ئەو یاریزانانە یاری بکەم کە نوێنەرایەتی بەها و پرەنسیپەکانی رووسیا دەکەن". کەواتە فیفا لەبەردەم دوو رەیانێکدایە، یان دەبێت بڕیاری دەرکردنی رووسیا لە مۆندیال بدات یان پێویستە بڕیارە قورسەکە بدات و ئەو هەڵبژاردانەی ئامادەنین بەرامبە رووسیا یاری بکەن بە دۆڕاو هەژمار بکات و رووسیا بەبێ ماندووبوون بگاتە مۆندیال، بەڵام ئەوکات دەبێت فیفا و ئینفانتینۆ بەرگەی تووڕەیی جیهان بگرن.
 
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا، ئایا فیفا ناچار دەبێت سزادانەکەی قورستر بکات و رووسیا بەیەکجاری لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دووربخاتەوە؟ کە بەدڵنیاییەوە بە درێژبوونەوەی جەنگەکە گوشارەکانی سەر فیفاش زیاتر و تووندتر دەبن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە