عەدنان درجال: ئابڵۆقەی سەر یاریگەکانی عێراق هەڵگیرا و سەرۆکی فیفا دێتە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

عەدنان درجال، وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق، کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە، هەڵگرتنی ئابڵۆقەی وەرزشیی سەر یاریگەکانی عێراقی راگەیاند.
 
عەدنان درجال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرت گواسترایەوە گوتی " ئابڵۆقەی وەرزشی بۆ بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکان لە بەغدا لەسەر عێراق هەڵگیرا و یاریی ئێمە و ئیماراتیش لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە بەغدا دەکرێت."
 
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەڵێت " لە ماوەی رابردوو پەیوەندیی زۆرباشمان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتییەکانی کەنداو و فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان هەبووە، وڵاتانی کەنداو هاوکاریی زۆریان کردین و پاڵپشتیان کردین بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر یاریگەکانی عێراق، بۆ ئەوەش سوپاسیان دەکەین."
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە ئایا هیچ مەرجێکی پێشوەختە خراوەتە بەردەم عێراق؟ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق گوتی " هیچ مەرجێک نەخراوەتە بەردەم عێراق، بەڵام ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین و پێویستیمان بە گۆڕانکاریی زۆر هەیە و دەبێت بەباشترین شێوە لە هەموو روویەکەوە یاریی عێراق و ئیمارات بەڕێوەببەین."
 
عەدنان درجال زیاتر گوتی " کاتێک یاریگەی مەدینەمان لە بەغدا کردەوە، فیفا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا رەزامەندیی پێداین بۆ ئەوەی یاریی عێراق و ئوگەندا لەو یاریگەیە بکرێت، دوای ئەوەش پێشانی هەموو لایەکماندا کە پێویستە ئابڵوقەی سەر یاریگەکانی عێراق هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەش لە پەیوەندی بەردەوامدابووین لەگەڵ فیفا و ئێستا بەغدا ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان."
 
وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت " رۆژی 24-3-2022 یاریی عێراق و ئیمارات لە یاریگەی مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش داوامان لە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە، بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا ئامادەبێت و دڵنیام ئامادەدەبێت."
 
عێراق لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە کۆمەڵەی یەکەمدا یارییدەکات، تەنیا دوو یاریی ماوە، یەکێکیان بەرامبەر ئیماراتە و ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر سوریایە و هەڵبژاردەکە هیوایەکی کەمی بەسەرکەوتن وەک سێیەمی کۆمەڵەکە بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکان ماوە.
 
عێراق لە 8 یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نەبووە، 5 یەکسانبوون و 3 دۆڕانی هەبووە و بە 5 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمە.