ڤیدیۆ.. لیژنەی ناوبژیوانان لەسەر لێدانە سزایەکەی ریال هاتە دەنگ



رووداو - هەولێر

لیژنەی هونەری ناوبژیوانانی خولی لالیگای ئیسپانیا رایگەیاندووە، ئەو لێدانە سزایەی بۆ یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی ڤیاریال هەژمارکراوە دروست بووە و ناوبژیوان بڕیارێکی دروستی داوە لە هەژمارکردنی حاڵەتەکەدا.

رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی ناوبژیوانانی خولی لالیگای ئیسپانی پاڵپشتی خیسوس گیل مانزانۆی ناوبژیوانی یاری نێوان ڤیاریال و ریال مەدرید دەکات و هەژمارکردنی لێدانە سزایەکەش بۆ ریال مەدرید بە راست دەزانێت.



لیژنەکە رایگەیاندووە، تۆپەکە لە بارۆدۆخێکی نائاساییدا بەر دەستی برۆنۆ کەوتووە و بەخێرایی بەسەر دەستیدا تێپەڕیووە، لەبەرئەوە گیل مانزانۆ لێدانە سزایەکەی هەژمارکردووە.

ئەو لێدانە سزایەی بۆ ریال مەدرید لە یارییەکەدا هەژمارکرا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامەکەی پێ یەکسانکردەوە و دوایێش ریال مەدرید یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بڕیاری ناوبژیوان بەبڕیارێکی دروست دەزانێت.