نەیمار بۆ بەجێهێشتنی هیلال دەستبەرداری پارەیەکی زۆر بووە

28-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار دا سیلڤا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی هیلال، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سعودییەکە دەستبەرداری پارەیەکی زۆر بووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، یانەی هیلال بەشێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەیمار داسیلڤای راگەیاند و گوتی "بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکە هەڵوەشێنرایەوە و هیوای سەرکەوتن بۆ نەیمار دەخوازین لە قۆناخی داهاتوودا."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، نەیمار وەکو بەشێک لە کارەکانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلال، رازیبووە بەوەی دەستبەرداری 40 ملیۆن یۆرۆ ببێت.
 
نەیمار ماوەیەکی زۆرە، باس لە رۆیشتنی دەکرێت لە یانەی هیلال و ئێستا دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە نزیکە یاریزانەکە بگەڕێتەوە بەرازیل و دوای 12 ساڵ جارێکی دیکە پەیوەندی بە یانەی سانتۆسەوە بکات.
 
بەپێی دوایین پێشهاتەکان ئەمڕۆ تاوەکو سبەی، نەیمار دەگاتەوە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەندیکردنی بەو یانەیە تەواو بکات و بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی سانتۆسەوە بکات.
 
نەی هاوینی ساڵی 2023 لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە، بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەی هیلالەوە کرد، بەڵام یاریزانەکە لەو یانەیەدا سەرکەوتوو نەبوو، تەنیا 7 یاریی بۆ یانەکە ئەنجامدا و 1 گۆڵی بەدرێسی یانەی هیلالەوە تۆمارکرد و سێ گۆڵی دروستکرد.
 
پێکانی زۆر و دوورکەوتنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کاروانی ئەو یاریزانە لە یانە سعودییەکەدا دروستکرد و گرێبەستی نێوان هەردوولا بە گرێبەستێکی شکستخواردوو هەژمار دەکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە