وەین روونی باسی کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ و بارۆنی کوڕی دەکات

28-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن وەین روونی دۆناڵد ترەمپ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەین روونی، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئاشکرایکردووە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، داوای لێکردووە هونەرەکانی تۆپی پێ، فێری کوڕەکەی بکات.
 
وەین روونی، لە 2018 تاوەکو 2019 یاریی بۆ یانەی دی سی یونایتدی ئەمریکی کردووە و ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە کۆشکی سپی.
 
لەکاتی بوونی روونیدا لە ئەمریکا، ئەو یاریزانە و خێزانەکەی بانگهێشتی کۆشکی سپی کران و ئەوان لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا چاویان بەیەکدی کەوت.
 
ئەوکاتەی روونی لەگەڵ کۆلینی هاوژینی لە کۆشکی سپی بوو، بارۆن ترەمپی کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، گەنجێکی تازە هەڵکەوتووبوو کە خولیای تۆپی پێی هەبوو و یاریزانی ئەکادیمیای دی سی یونایتد بوو.
 
روونی لە نوێترین چاوپێکەوتندا ئاشکرایکردووە، ترەمپ ئەوکات داوای لێکردووە وانەی هونەرەکانی تۆپی پێ بەبارۆنی کوڕەبچووکی بدات.
 
پێشتر هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی بارۆن لەکاتی یارییکردندا بڵاوبوونەتەوە کە شێوازی یارییکردن و دەرکەوتن و لەشولاری بە پیتەر کراوچی ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا بەراوردکراوە.
 
بارۆن بەنزیکەیی، هەمان درێژیی باڵای پیتەر کراوچی هەیە کە هەریەکەیان زیاتر لە دوو مەترە.
 
بارۆنی کوڕی دۆناڵد ترەمپ، لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی باوکیدا سەرنجی زۆری میدیاکانی بۆخۆی راکێشا، بەهۆی باڵای بەرزییەوە.
 
روونی ئاشکرایکردووە، لەماوەی بوونیدا لە ئەمریکا، دووجار ترەمپی لە نزیکەوە بینیووە، لە جاری دووەمدا وەک ئەو دەڵێ، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا گۆڵفیان کردووە و رۆدی جولیانی پارێزگاری پێشووی نیویۆرکیش لەگەڵیاندابووە.
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بارۆنەوە گوتبوی، ئەو کوڕێکی باڵابەرزە، من نەمتوانی رازیی بکەم بەوەی ببێتە یاریزانی باسکە، بەڵکو تۆپی پێی هەڵبژارد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە