لالیگا هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات

28-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ پاو ڤیکتۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، دووپاتی کردەوە کە پابەندە بە هەڵوێستی خۆیەوە و دژی تۆمارکردنی دوو یاریزانی بارسێلۆنایە، دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر. هەروەها بەبێ ئەوەی باسی بارسا بکات گوتی "ئامادەین یاریی کلاسیکۆی لالیگا ببەینە دەرەوەی ئیسپانیا ئەگەر ریال مەدرید رازی بێت".
 
تێباس لە لێدوانێکدا کە رۆژنامە ئیسپانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەڵێت "ئێمە دژی تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆرین. هەموو ئەو بەڵگەنامە یاساییانەی لەبەردەستماندان لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەکاردەهێنین، داوا دەکەین تۆمارنەکرێن، ئەمەش هەڵوێستی لۆژیکی ئێمەیە".
 
سەرۆکی لالیگا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "گلەیی یانەکان رەوایە، چونکە پێمانوایە بڕیارەکە بەپێی یاسا نەبووە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یانەکان دەتوانن تانە لەو یارییانە بدەن کە ئۆلمۆ تێیدا یاریی کردووە، تێباس روونیکردەوە "لە چوارچێوەی یاسای وەرزشیدا، کاتێک یاریزانێک مۆڵەتی هەیە، وەک ئەوەی ئێستا لە دانی ئۆلمۆدا هەیە، یارییەکان ناتوانرێت تانەیان لێبدرێت، تەنانەت ئەگەر دواتر بشسەلمێنرێت کە هەڵوێستەکەمان راست".
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئۆلمۆ و ڤیکتۆر جێگەی سەرنجی قسەکانی رۆژنامەڤانی وەرزشی ئیسپانیا بوون، دوای ئەوەی لالیگا رەتیکردەوە لە مانگی یەک تۆماریان بکات بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەم دواییە یانە کەتەلۆنییەکەی گرتووەتەوە.
 
بەڵام ئەنجوومەنی باڵای وەرزشیی ئیسپانیا تانەی بارسێلۆنای قبوڵ کرد و بڕیاریدا یاریزانەکان بەشێوەیەکی کاتی تۆماربکرێن تاوەکو دۆسێیەکە بەفەرمی یەکلایی دەبێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە لالیگا بەئاشکرا ناڕەزایی لەدژی دەربڕی.
 
خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا، سەبارەت بە یاریی کالسیکۆی قۆناخی دووەمی لالیگا، هیچ حسابی بۆ بارسێلۆنا نەکرد و گوتی "ئامادەین یاریی کلاسیکۆی لالیگا ببەینە دەرەوەی ئیسپانیا ئەگەر ریال مەدرید رازی بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە