یوڤێنتوس دانوستاندن لەگەڵ چاڤی دەکات

28-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز یوڤێنتۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، پەیوەندی بە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆناوە کردووە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەری یانەکە لە ماوەی داهاتوودا وەربگرێت.
 
یانەی یوڤێنتوس لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا تووشی یەکەم دۆڕانی لە سێری ئادا بوو، کاتێک لەسەر یاریگای دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە ناپۆلی پێشەنگ دۆڕا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە 13 یەکسانبوونی هەیە و تەنیا هەشت جار براوە بووە لە 21 یاری دیکەدا، ئەمەش وایکردووە ریکۆردی تیاگۆ مۆتای راهێنەر ببێتە سێیەم خراپترین ریکۆرد لە مێژووی یوڤێنتوس دوای 22 گەڕی خولی ئیتاڵیا.
 
میدیای ئیتاڵیا، رایانگەیاند "یوڤێنتوس گفتووگۆی نافەرمی لەگەڵ چاڤی ئەنجام دەدات، بەڵام تیاگۆ مۆتا هێشتا شوێنی پارێزراوە، سەرەڕای خراپی ئاستی تیپەکەی لە ململانێکانی  خولی ئیتاڵیادا".
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەرچەندە کارگێڕیی یانەکە چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد تیاگۆ مۆتا لە یەکەم وەرزیدا لە یاریگای ئەلیانز رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، بەڵام ئاستی نائومێدکەری تیپەکە لەم وەرزەدا وایکردووە بەرپرسانی یانەکە لە بازاڕدا بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی بزانن بژاردەیەک بۆ شوێنی تیاگۆ بەردەستە.
 
هەروەها دەشڵێن "ئێستا کارگێڕیی یوڤێنتوس بەنیازی گۆڕینی راهێنەرەکەی نییە، بەڵکو بەدوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئامادەکاریدایە بۆ هەر سیناریۆیەکی ئەگەری، چاڤیش نزیکترین و بەهێزترین بەربژێرە".
 
چاڤی، راهێنەری ئیسپانی لەدوای جێهێشتنی بارسێلۆنا لە کۆتایی وەرزی رابردوودا هیچ پۆستێکی راهێنەرایەتی بەدەست نەهێناوە، کە پێشتر ناوی چاڤی بە یانەی میلانی ئیتاڵییەوە بەسترایەوە، پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ سێرجیۆ کۆنسیساوی پۆرتوگالی بکات.
 
هەروەها بەم دواییە هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کردووە کە یانەی سەدی قەتەری دەیەوێت چاڤی بگەڕێنێتەوە و جارێکی دیکە بیکاتەوە راهێنەری، کە ئەو راهێنەرە کۆمەڵێک دەستکەوتی لەگەڵ یانە قەتەرییەکە بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە