ئەستێرەیەکی عێراق نزیکە بچێتە یانەیەکی گەورەی ئینگلتەرا

28-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بۆ جامی ئاسیا لە قەتەرە، نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یەکێک لە دیارترین و بەنێوبانگترین یانەکانی ئینگلتەرا.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئێپسۆیچ تاونی ئینگلیزی، هەنگاوەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ عەلی حەمادی، ئەستێرە و هێرشبەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق واژۆبکات.
 
بەپێی سەرچاوەکان، یانەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەر لە داخستنی دەرگای گواستنەوەی زستانە گرێبەستی یاریزانەکە رابگەیێنێت، کە رۆژی پێنجشەممە وادەکەی کۆتاییدێت.
 
ئێپسۆیچ تاون دەیەوێت هەر لە دەوحە پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانە تەواوبکات و گرێبەستەکەی یەکلابکاتەوە.
 
عەلی حەمادی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق ئێستا لە یانەی ویمبڵدۆنی ئینگلیزی یاریی دەکات، لەم وەرزەدا لە ریزەکانی ئەو یانەیەدا 42 یاریی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە و 23 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە لەلایەن بەشێکی یانەکانی ئینگلتەراوە گرنگی پێبدرێت.
 
یانەی ئیپسۆیچ تاون، یەکێک لە یانە دیارەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرایە، ئێستا یانەکە لە چامپیۆنشیپ یارییدەکات و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو بگاتە پرێمەرلیگ، هەر بۆ ئەوەش دەیەوێت بە گواستنەوەی هێرشبەرە عێراقییەکە هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزبکات.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە