ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن دوو خاڵی لەدەستدا و تەنیا دوو خاڵ لەپێش بایرنە

28-01-2024
ئیحسان تاهیر
Photo by Ronny HARTMANN / AFP
Photo by Ronny HARTMANN / AFP
نیشانەکردن بایەرلیڤەرکوزن بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بایەرلیڤەرکوزن دوو خاڵی لەدەستدا و بایرن میونشن سێ خاڵی بەدەستهێنا و جیاوازی نێوانیان بووە تەنیا دوو خاڵ لە بەرژەوەندی لیڤەرکوزندا.
 
دوای ئەوەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری بایەرلیڤەرکوزن رۆژی هەینی زۆربەی کاتەکەی  بە رەتکردنەوەی هەواڵی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەسەربرد، پاش ئەوەی یۆرگن کڵۆپ رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە رێدز دەڕوات، تیپەکەی ئەڵۆنسۆ لە یارییەکی بێ گۆڵدا بەرامبەر بۆرووسیا مونشانگلادباخ یەکسانبوو.
 
لیڤەرکوزن لەو یارییەی گەڕی 19ـی بوندێسلیگادا 27 لێدانی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەرەکەی کرد، بەراورد بە چوار لێدان کە مۆنشنگلادباخ ئاراستەی گۆڵی لیڤەرکوزنی کرد، بەڵام مۆریتز نیکۆلاسی گۆڵپارێزی گلادباخ نەیهێشت هیچ جارێک تۆڕەکەی بهەژێنرێت و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لیڤەرکوزن لەم یارییەدا گدوو خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا و ئێستا تەنیا دوو خاڵ لەپێش بایرن میونشنی دووەمی ریزبەندییە.
 

 
بایرن میونشن لەلای خۆیەوە بەردەوامە لە گوشارخستنە سەر بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگ، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 3-2 لە ئۆگسبۆرگی بردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا ئەلێکساندەر پاڤلۆڤیچی تەمەن 19 ساڵ لە خولەکی 23 گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی میوانی تۆمارکرد.
 
ئەلفۆنسۆ دەیڤزی هاوڕێی لە خولەکی پێنجی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا گۆڵی دووەمی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، دوای ئەوەی 10 مانگ لەمەوبەر گۆڵی بەرامبەر هەمان تیپ تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 52 ئێرمەدین دیمیرۆڤیچ بە لێدانێکی سەر هیوای بۆ ئۆگسبۆرگ گەڕاندەوە و گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. بەڵام تەنیا شەش خولەک دواتر هاری کەین گۆڵی 23ـی خۆی لە خولەکە و سێیەمی میونشنی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
بایرن میونشن دوو لێدانی سزای بەخشییە یانەی میواندار، مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز یەکێکیان گەڕاندەوە، دیمیرۆڤیچ لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-2 کۆتایی پێهێنا.
 
بەم ئەنجامە، بایرن لە پلەی دووەمدا ماوەتەوە و بە دوو خاڵ لە دوای لیڤەرکوزنی پێشەنگەوەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە