کاساس باسی بردنەوەی جامی ئاسیا و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکەی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا، وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ دەداتەوە و باس لەو هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییە دەکات کە بەو هۆیەوە رەخنەیەکی زۆری لێگیرا.
 
کاساس لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن گوتی "یارییەکە بۆ هەردوو تیپەکە قورس دەبێت، ئێمە تاکە تیپ نین کە لە بەرگریدا پاڵپشتییەکی باشمان هەیە، ئوردنییەکانیش بەهەمان شێوەن و ئەوانیش بۆ یارییەکە ئامادەن."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "شێوازی یارییکردنی ئوردن بەرگرییە، بەڵام ئەوە دوودڵم ناکات، ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر تیپێک شێوازی تاکتیکی خۆمان هەیە، ناسنامەی ئێمە تۆپی پێیە و ئەوە روونە، بە هێرشبەری یارییدەکەین و دەمانەوێت کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کاساس گوتی "بۆ ئەوەی هەموو یارییەکان ببەیتەوە، پێویستە 200٪ ئامادەبیت، لە تۆپی پێدا هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە، دەکرێت یەک هەڵە واتلێبکات ماڵئاوایی بکەیت، وەک ئەوەی سعودیە بەرامبەر ئەرجەنتین کردی، کە ئەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو."
 
خیسوس باس لە تیپەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا دەکات و دەڵێت "هەموو تیپەکان ئاستیان لە یەکدییەوە نزیکە، ئەگەر بمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە دەبێت 4 یاریی دیکە ببەینەوە، بەدڵنیاییەوە کار بۆ بردنەوە دەکەین، بەڵام ئێمە زۆر دوورین لە بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیا، بێگومان ئەگەرێکی بچووک هەیە، بەڵام دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێشەوە."
 
لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ئوردن، کێ چاودێریی موسا تەعمەری دەکات، مێرخاس دۆسکی یان ئەحمەد یەحیا؟ خیسوس کاساس گوتی "دڵخۆشم بە هەموو یاریزانەکانم و هەمووان ئامادەن."
 
پرسیاری بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کرا، خیسوس کاساس، لە وەڵامدا گوتی "چاوەڕێی ئەم پرسیارەم دەکرد، سێ رۆژ لەمەوبەر چاوپێکەوتنم لەگەڵ ماڵپەرێکی ئیسپانی هەبوو، لە هۆتێل لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئیماراتی هەڤپەیڤینم کرد، سێ رۆژ بەر لە یارییەکەی بەرامبەر ژاپۆن هەڤپەیڤینم لەگەڵ رۆژنامەی مارکا هەبوو، بەڵام چی روویدا؟ ئێمە هەموو یارییەکانمان بردەوە."
 
کاساس زیاتر گوتی "ئەگەر سبەی یارییەکە نەبەینەوە دەڵێن کاساس هەڤپەیڤینی کردووە، ئەم قسانە گەمژانەن ئەگەر بڵێن ئەوە زیان بە عێراق دەگەیێنێت."
 
عێراق لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، رۆژی دووشەممە کاژێر 14:30 بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات.