رووداو راستی هەوڵەکانی یانەی هەولێر بۆ گواستنەوەی ئاسۆ رۆستەم ئاشکرادەکات

28-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاسۆ رۆستەم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق دەستپێکردووە، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سالمیەی کوێتی هەڵوەشاندەوە و تۆڕی میدیایی رووداویش وردەکارییەکانی نێوان هەردوولا ئاشکرا دەکات.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر بەهۆی نەدانی شایستە داراییەکانیەوە ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سالمیەی کوێتی هەڵوەشاندەوە، ئێستاش ناوی یاریزانەکە بە چەند یانەیەکی جیاواز لە خولە جیاوازەکانی کەنداو بەستراوەتەوە.
 
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بەر لە گەڕانەوەی ئاسۆ رۆستەم بۆ کوێت، دوای کۆتاییهاتنی جامی کەنداو، قسەمان لەگەڵی کردووە و پێیگوتین دەگەڕێتەوە کوێت بۆ ئەوەی کارەکانی تەواوبکات و وەڵاممان دەداتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبووە."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر زیاتر گوتی " ئاسۆ رۆستەم بە ئێمەی گوتبوو کە سکاڵای کردووە و پارەیەکی زۆری لای یانەکەی ماوە، ئەگەر پارەکەیان دایەوە بەردەوامدەبێت، بەڵام دیارە کە پارەکەی نەدراوە و ئەویش بڕیاریداوە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
وەلید عارەب بە رووداوی گوت " سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێریش قسەی لەگەڵ ئاسۆ رۆستەم کردووە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ دەکەینەوە، بەڵام ئەوەی لە پەیجەکان بڵاوکراوەتەوە کە ئەو یاریزانە داوای 150 ملیۆن دیناری کردووە، بەهیچ شێوەیەک راست نییە و لەبارەی پارەوە قسەمان لەگەڵ یاریزانەکە نەکردووە."
 
دوای رۆیشتنی لە یانەی سالمیەی کوێتی، چەند یانەیەک لە سعودیە، تونس، عێراق و لیبیا داوای ئاسۆ رۆستەمیان کردووە، بەڵام یاریزانەکە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە کە پەیوەندی بە کام یانەوە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە