ژاپۆن گه‌یشته‌ یاری كۆتایی جامی ئاسیا

28-01-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن له‌ یه‌كه‌م یاری چوراگۆشه‌ی زێڕینی جامی ئاسیادا، به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئێرانی برده‌وه‌و خۆی گه‌یانده‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌.


له‌ گێمی یه‌كه‌مدا جله‌وی یارییه‌كه‌ به‌ده‌ست ئێرانییه‌كانه‌وه‌ بوو، چه‌ند ده‌رفه‌تێكی گۆڵكردنیشیان بۆ ره‌خسا، به‌ڵام نه‌یانتوانی هیچ یه‌كێكیان بیكه‌نه‌ گۆڵ و گێمه‌كه‌ به‌ بێ گۆڵ كۆتاییهات.

له‌ گێمی دووه‌مدا، ژاپۆنییه‌كان به‌ رۆحێكی جیاوازه‌وه‌ هاتنه‌ نێو یاریگه‌ و هه‌رزوو به‌ ئێرانییه‌كانیان گوت، ئێوه‌ گێمی یه‌كه‌متان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان نه‌قۆسته‌وه‌، گێمی دووه‌م بۆ ئێمه‌یه‌، ئه‌وه‌بوو 3 گۆڵیان كرد و بلیتی یاری كۆتاییان برده‌وه‌.

یۆیا ئۆساكۆ، گۆڵی یه‌كه‌م و دووه‌می له‌ خوله‌كه‌كانی 56 و 67ی یارییه‌كه‌دا تۆماركرد، كه‌ دووه‌میان به‌ لێدانی سزا بوو، له‌ خوله‌كی دووی زیادكراویشدا جینكی هاراگۆتشی گۆڵی سێیه‌می بۆ هه‌ڵبژارده‌ی سامۆرای تۆماركرد و ژاپۆنییه‌كان به‌ فرمێسكی خۆشی و ئێرانییه‌كانیش به‌ فرمێسكی حه‌سره‌ته‌وه‌ یاریگه‌یان جێهێشت.

هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن چاوه‌ڕێی براوه‌ی یاری دووه‌می چوارگۆشه‌ی زێڕین ده‌كات، كه‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئیمارات و قه‌ته‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی 1/2/2019 له‌ یاری فیناڵدا رووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە