نرخی بلیتی دوایین یاری لیڤه‌رپوول فڕی


رووداو ـ هه‌ولێر

له‌به‌رئه‌وه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یانه‌كه‌یان جامی خولی نایابی ئینگلیزی به‌رز بكاته‌وه‌، ئاماده‌ن به‌ نرخێكی خه‌یاڵی بلیتی دوایین یاری یانه‌كه‌یان له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگدا بكڕن.

هانده‌رانی لیڤه‌رپوول زۆر گه‌شبینن به‌وه‌ی ئه‌مساڵ نازناوی پرێمه‌رلیگ بۆ یانه‌كه‌یان بێت، ئه‌گه‌رچی مانچێسته‌ر سیتی تاوه‌كو ئێستا ركابه‌رێكی به‌هێزی یانه‌كه‌یانه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستاوه‌ هانده‌رانی یانه‌ سوورپۆشه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ كڕینی بلیتی دوایین یاری لیڤه‌رپوول له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگدا كردووه‌، كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 12/5/2019 له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئانفێلد له‌نێوان لیڤه‌رپوول و وۆلفێرهامبتۆن ئه‌نجام ده‌درێت.

راپۆرته‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌كان ده‌ڵێن نرخی بلیته‌كانی ئه‌و یارییه‌ له‌ ئێستاوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی خه‌یاڵی، كه‌ هه‌ر بلیتێك له‌ نێوان 6 هه‌زار تاوه‌كو 8 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكییه‌، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ر یارییه‌كی دیكه‌دا نرخی یه‌ك بلیتی ئانفێلد له‌ نێوان 48 تاوه‌كو 78 دۆلاری ئه‌مریكیدایه‌.

لیڤه‌رپوول دوای به‌ڕێوه‌چوونی 23 گه‌ڕ، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 60 خاڵ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یانه‌كانی پرێمه‌رلیگی گرتووه‌، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیش به‌ جیاوازی 4 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌م دێت.