ڤیدیۆ؛ هەژار ئاکرێی کردووەتە تیپێکی دەوڵەمەند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاکرێ لەسەر ئەنجامە باشەکانی لە خولی نایابی کوردستاندا بەردەوامە و سەرکەوتنی پێنجەمی لەسەریەکی لە خولەکەدا بەدەستهێنا.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، یانەی ئاکرێ لە گەڕی 12ـی خولەکەدا بووە میوانی یانەی سۆران، یانەی میوان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، بەڵام سەرەڕای هێرشەکانی هەردوو یانە بۆ سەر گۆڵی یەکدی، نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، ئاکرەییەکان بە ئاستێکی باشتر یارییانکرد، سەرەتا سانی سەلام، گۆڵی پێشکەوتنی ئاکرێی تۆمارکرد، دوای چەند خولەکێکی کەم لەو گۆڵە سەلام حەسەن یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و زیاتر لە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەی نزیککردەوە.
 
دوای ئەم دوو گۆڵەی ئاکرێ، لێدانێکی سزا بۆ سۆران هەژمارکرا، رێزدار وەلی، گۆڵکارەکەی سۆران سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد، بەڵام یانەکەی لە راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە سەرکەوتوو نەبوو و سۆڕان لە یارییەکەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا.
 
ئاکرێ یارییەکەی بردەوە و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی کوردستان، ئێستا یانەکە خاوەنی 23 خاڵە و بەجیاوازیی سێ خاڵ لە پێش یانەی چوارقوڕنەی دووەمی ریزبەندەوەیە.
 
ریکۆردەکەی ئاکرێ
 
یانەی ئاکرێ لەو کاتەوەی هەژار سابیری کردووەتە راهێنەری یانەکەی، هیچ یارییەکی لە خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا نەدۆڕاندووە، یانەکە لە کۆی 5 یاری لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە هەموو یارییەکانی بردووەتەوە.
 
لەو پێنج یارییەدا یانەی ئاکرێ 8 گۆڵی تۆمارکردووە، تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە، یانەکە 3 کلین شیتی هەیە و یاریی داهاتوویشی بەرامبەر یانەی برایەتی دەبێت، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا.

 

 
سەرکردەی ئاکرێ چی گوت؟
 
هەژار سابیر، راهێنەری لاوی یانەی ئاکرێیە، ئەو لە شوێنی یونس سلێمان بووە راهێنەری یانەکە، هەرچەند سەرەتا بە کاتی کارەکەی وەرگرت، بەڵام بە ئاست و ئەنجامەکانی هەمووانی سەرسامکرد و ئەمڕۆش لە سۆران بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی.
 
هەژار لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر سۆران بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیکرد و گوتی "بە یاریزانەکانم گوتبوو دەبێت ئەم یارییە ببەینەوە و بچینە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و وامانکرد."
 
راهێنەری یانەی ئاکرێ زیاتر گوتی "لە چاو یارییەکاین رابردوومان لەم یارییەدا هەندێک کەموکورتی هەبوون، بەڵام بردنەوە و ئەنجامی یارییەکان هەموو شتەکان دەشارنەوە، پیرۆزبایی لە یاریزانەکانم و هەموو هاندەرانی یانەی ئاکرێ دەکەم."
 
هەژار سابیر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " گەیشتن بە لووتکە ئاسانە، بەڵام مانەوە لە لووتکەدا زەحمەتە، لە ئەمڕۆوە دەبێت زیاتر کاربکەین بۆ ئەوەی لەسەر رێگەی راست بەردەوامبین."

ریزبەندی خولی نایابی کوردستان