رۆکی لەگەڵ دایک و باوک و خەزووری لە بارسێلۆنایە

27-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤیتۆر رۆکی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی بەرازیلی لە ئێستاوە لە بارسێلۆنایە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ژیانی وەرزشیی خۆی وەک یاریزانی یانەی کەتەلۆنی.
 
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، هێرشبەرە بەرازیلییەکە بە یاوەری دایک و باوکی و خوشکەکەی و هاوژینە نوێیەکەی و خەزووری، بەر لە چەند کاژێرێک بە فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا ئێل پرات جۆزێپ تراداس نیشتوونەتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دووپاتیانکردەوە کە دوێنێ یاریزانەکە لە کوریتیباوە بەرەو ساوپاولۆ گەشتی کردووە و لەوێشەوە سواری فڕۆکەیەک بووە بە ترانزێت بەرەو مەدرید، چونکە مەحاڵ بووە گەشتێکی راستەوخۆ بۆ بارسێلۆنا بۆ خۆی و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بدۆزێتەوە.
 
ڤیتۆر رۆکی بەیانی زوو گەیشتە پایتەختی ئیسپانیا بۆ ئەوەی دواگەشتی خۆی بۆ بارسێلۆنا ئەنجام بدات و ئێستا لەو شارەیە.
 
ڤیتۆر رۆکی تەنیا چەند کاژێرێکی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بە ئارامی لە بارسێلۆنا بەسەرببات، بەو پێیەی هێرشبەرەکە تەنیا یەک رۆژی ماوە بۆ ئەوەی جێگیر بێت و یەکەم هەنگاوەکانی گواستنەوەی بگرێتە بەر، کە بە فەرمانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر پێویستە پاشنیوەڕۆی 29ـی مانگ دەست بکات بە مەشقەکان بۆ ئەوەی بۆ یاریی بەرامبەر لاس پاڵماس لە لالیگادا ئامادە بێت.
 
دوای یەکەم مەشق و راهێنان لەگەڵ هاوڕێ نوێیەکانی، ڤیتۆر رۆکی یەکەم پەیوەندی لەگەڵ هاندەرانی بارسێلۆنا لە 30ـی ئەم مانگە دەبێت، کاتێک بەشداری لە مەشق و راهێنانە کراوەکاندا دەکات، کە لە یاریگای یۆهان کرۆیف بەڕێوەدەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە