سعودیە بە گرێبەستێک سەرنجی جیهان رادەکێشێت

 
رووداو دیجیتاڵ

خولی تۆپی پێی سعودیە لە دوو وەرزی رابردوودا بەلێشاو یاریزان و راهێنەری لە ئەوروپا و جیهانەوە بردووەتە خولەکەی، بەرپرسانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بیر لە گرێبەستێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش دەکەنەوە.
 
گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەی سعودیە، ئەمجارە لەسەر ئاستی ناوبژیوانان دەبێت و خولەکە دەیەوێت یەکێک لە بەنێوبانگترین و باشترین ناوبژیوانەکانی ئەوروپا جیهان بباتە نێو رکابەرییەکانی خولی وڵاتەکە.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، سعودیە دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ دانیێلی ئۆرساتۆ، ناوبژیوانی بەنێوبانگی ئیتاڵی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو خولەوە بکات و ببێتە ناوبژیوانی خولەکە، لەگەڵ قبوڵکردنی دەستەوارەکەی سعودیە، ئەو ناوبژیوانە ئیتاڵییە هەلی ئەوەشی دەبێت ببێتە بەڕێوەبەری هونەری بواری ناوبژیوانان لە خولەکەدا و ئەگەری هەیە دوای وازهێنانیشی بکرێتە سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی خولەکە.
 
ئێستا مانوێل ناڤارۆ، ناوبژیوانی پێشووی سویسری و بڕواپێکراو لەلایەن یۆفا و فیفا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی سعودیەیە و وڵاتەکە بیر لەوە دەکاتەوە لە داهاتوودا ئەو پۆستە بداتە ئۆرساتۆ.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەری هەیە بەهۆی ئەوەی دەستەوارەکەی زۆر بەرزە، ئۆرساتۆ بە داوای سعودییەکان رازی ببێت بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2024 کاروانەکەی لەگەڵ خولی سعودی دەستپێبکات.
 
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری پەیوەندیکردنی دانیێلی ئۆرساتۆ بە رکابەرییەکانی خولی سعودیە لەکاتێکدایە، ناوبژیوانەکە پێشتر چەند یارییەکی لە خولی سعودی و وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەبردووە و شارەزایەکی باشی لە خولەکەدا هەیە.
 
دانیێلی ئۆرساتۆ تەمەنی 48 ساڵە، ناوبژیوانێکی دیاری ئیتاڵییە، لە ساڵی 2010 لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانەوە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی پێدراوە و یارییەکان بەڕێوەدەبات، ناوبژیوانەکە چەندین یاریی بەنێوبانگ و گرنگی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان بەڕێوەبردووە، لە ساڵی 2020 کاتێک بایرن میونشن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە پاریس سانجێرمانی بردەوە، ناوبژیوانە ئیتاڵییەکە یارییەکەی بەڕێوەبرد، لە مۆندیالی 2022 ئۆرساتۆ، ناوبژیوانی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و کرواتیا بوو.