تۆنی کرووس مەرجێک دەخاتە پێش ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، تۆنی کرووسی ئەستێرەی ئەڵمانی، و یاریزانی یانەی ریال مەدرید مەرجێکی هەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مێرێنگێ.
 
گرێبەستەکەی تۆنی کرووس لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، بەڵام لەنێو کارگێڕیی ریال مەدریددا نیازێک هەیە یاریزانەکە بۆ وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی تۆڕی کادینا سێری ئیسپانی، تۆنی کرووس رازی دەبێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نوێ بکاتەوە، بەڵام بە مەرجێک، ئەویش ئەوەیە ئەگەر گەرەنتی وەربگرێت کە لە ماوەی وەرزی داهاتوودا وەک یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا دەمێنێتەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەنیازە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کرووس ببەستێت، ئەگەر وەرزی داهاتوو وەک راهێنەری تیپەکە بەردەوام بێت.
 
ئەنچێلۆتی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ کرووس بۆی دووپاتکردووەتەوە کە بە یاریزانێکی سەرەکی و کاریگەری دەزانێت لە پێکهێنانی تیپەکەیدا، هەروەها بەنیازی ئەوە نییە گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێکی نوێ لە هێڵی ناوەڕاستدا بکات.
 
کرووس رایگەیاندبوو کە بیر لە پاشگەزبوونەوە لە وازهێنانی نێودەوڵەتی دەکاتەوە، و ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یۆرۆی 2024.
 
تۆنی کرووس لە ساڵی 2014 لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، و لەگەڵیدا بەشداریکردووە لە بەدەستهێنانی هەموو نازناوەکان.